کوردانى رۆژئاڤا بەدواى شوێنگرەوەى ئەمریکادا دەگەڕێن

- 12/28/2018 9:14:00 AM 5053 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزە کوردییەکانى رۆژاڤا هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ پاراستنى ناوچەکانیان لە هەرەشەکانى تورکیا و داوایان لە مۆسکۆ کردووە کە فشار بخاتە سەر حکومەتى سوریا بۆ پاراستنى ناوچە سنوورییەکان.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە کە دواى ئەوەى دۆنالد ترەمپ سەرۆک ئەمریکا بڕیارییدا بە کشانەوەى سەربازانى وڵاتەکەى لە سوریا، هێزە کوردییەکان هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دروست دەبێت.

بە وتەى ئالدار خەلیل سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات (تەڤدەم) هەفتەى داهاتوو بەرپرسانى باڵاى کورد لە رۆژاڤا سەردانى مۆکسۆ-یان کردووە و بەمنزیکانەش جارێکى تر سەردانى روسیا دەکەنەوە بە مەبەستى دروستکردنى فشار لەسەر بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا بۆ ناردنى هێزى حکومى بۆ ناوچە سنوورییەکانى سوریا و پاراستنى لە هەر هێرشێکى دەرەکى.

لاى خۆشیەوە بەدران چیا یەکێک لە بەرپرسانى کورد لە رۆژاڤا کە هەفتەى رابردوو سەردانى مۆسکۆ-ى کردبوو رایگەیاندووە، لەو سەردانانەماندا گفتوگۆ لەسەر بژاردە جیاوازەکان دەکەین، تا پارێزگارى لە ناوچەکانى باکوورو رۆژهەڵاتى سوریا بکەین لە هەر هێرشێکى تورکیا کە ئەنجامى بدات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، کە پاراستنى ئەو ناوچانە ئەرکى رژێمى سوریایە، چونکە ئەو ناوچانەش بەشێکن لە سوریا و ئەوەش بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکانمان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP