عەبادی: سەردانی نهێنی ترەمپ بۆ عێراق لەگەڵ بنەماکانی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی وڵاتان یەکناگرێتەوە

- 12/27/2018 2:30:00 PM 26069 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، سەردانە نهێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ بنەماکانی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی وڵاتان یەکناگریتەوە  و رەتیدەکەنەوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانی نهێنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەردانەکە لەگەڵ بنەماکانی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی وڵاتان یەک ناگریتەوە و رەتی دەکەینەوە، عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەو سەردانەی هەوڵی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ دواوە دەدات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەردانەکەی ترەمپ بە نهێنی زیان بە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دەگەیەنێت، دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان بزانن عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری، لە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری  شەوی 25ی مانگ بەبۆنەی کریسمسەوە سەردانی عێراقیان کردووە و لە فڕۆکەخانەی ئەسەد لە ئەنبار لەگەڵ فەرماندە و سەربازانی ئەمەریکا کۆبوونەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ باسی لە هۆکاری بەنهێنی هاتنی بۆ عێراق دەکات و دەڵێت، بەهۆی دامەزراوەی سەرۆکایەتییەوە زۆر دوو دڵ بووە له‌و گه‌شته‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی بیستوویەتی له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پێیدا تێپه‌ڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ترسه‌كه‌ی من بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریکا بوو نه‌ك ته‌نها خۆم، ترسه‌كه‌م بۆ خانمی یه‌كه‌م میلانیاش بوو".

تره‌مپ رونیکردووەتەوە، "بەداخەوە حەوت ترلیۆن دۆلارمان لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌رجكردووە، به‌ڵام ده‌بێت به‌و شێوه‌ نهێنییه‌ بێینە ئه‌وێ و چه‌ندین فڕۆكه‌ چوارده‌ورت بگرن تا ده‌چیت و دێیته‌وه‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP