ژمارەیەکی نوێی گۆڤاری لۆگۆس لەگەڵ دووەمین کتێبی لۆگۆس-دا بڵاوکرایەوە

- 12/26/2018 9:55:00 PM 1672 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

دوای بڵاوبوونەوەی سێ ژمارەی گۆڤاری فەلسەفی لۆگۆس، سەرەتای ئەم مانگە ژمارە چوار-ی گۆڤارەکە بڵاوکرایەوە. 

گۆڤارەکە تایبەتە بە فەلسەفە و هەرێم عوسمان و شاهۆ عوسمان سەرپەرشتیاری گۆڤاری لۆگۆس کە لەسەر ئەرکی خۆیان چاپ و بڵاویدەکەنەوە

هەرێم عوسمان، نوسەر و لێکۆڵەر، کە هاوکات یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی گۆڤارەکە بە خەندان-ی وت، "لە ژمارە چوار-ی گۆڤارەکەدا هەوڵمانداوە لە کورد و گوتاری رۆشنبیری کوردی سەبارەت بە سەفستە و سۆفیستایی بکۆڵینەوە بەوپێیەی ژمارە سێی گۆڤارەکە تایبەت بوو بە سۆفستایی و دیاردەی سۆفیستاییەوە وەک چەمک و زاراوەو لێکۆڵینەوەی فەیلەسوفان لەبارەیانەوە" 

وتیشی، "لەم ژمارەیەی لۆگۆس-دا خوێندنەوە بۆ هەندێک دیاردەو دۆخی جیاوازی کورد کراوە لەبەر رۆشنایی سەفسەتەو سۆفیستاییەتدا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ژمارە چوار-دا هەریەک لە دکتۆر محەمەد کەمال، عیرفان مستەفا، بەختیار عەلی، بەکر عەلی، فازڵ مەحمودو وەلید عومەر و، چەندین کەسی دیکە بە نوسین و بابەتەکانیان بەشدارییان کردووە.  

لەگەڵ گۆڤارەکەدا دووەمین کتێبی لۆگۆس چاپکراوە بە ناوی "هیپیاس" کە گفتوگۆیەکی ئەفڵاتوونەو بەختیار فەرەج لە یۆنانیەوە کردوویەتی بە کوردی . 

ژمارە یەک-ی گۆڤارەکە تایبەت بوو بە چیەتی فەلسەفە و ئەو پێناسانەی بۆی دەکرێت، و چەندین بابەتی لەو بارەیەوە لەخۆگرتبوو، ژمارە دوو-ی لۆگۆس-یش تایبەت بوو بە فەلسەفە و فەیلەسوفانی پێش سوکرات، ژمارە سێ-ش تایبەت بوو بە سۆفستاییەکان و فەلسەفە و مێژوو و فیگەرە دیارەکانیان .


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP