دیار سۆفی برینەکانی خۆی بە کتێب بڵاوکردەوە

- 12/26/2018 8:28:00 PM 2256 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کتێبی شیعری "برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە" کە یەکەمین ئەزموونی کتێبی دیار سۆفی شاعیرە بڵاو کرایەوە. 

وەک شاعیر ئاماژەی پێدەکات ئەم کتێبە نوسینەوەی غەم و ئازار و ئەزموونی ئەوە وێنای رابردوویەتی لەڕێی زمانێکی ئەدەبی شیعرییەوە.

کتێبەکە قەبارە مامناوەندە و لەچوارچێوەی ١٣٠ لاپەڕەدا ١٠ شیعری درێژ و چەند پۆستەرە شیعرێک لەخۆدەگرێت و لەسەر ئەرکی خودی شاعیر لە چاپدراوە و چاپخانەی کارۆ چاپیکردووە، کاری دیزاینی بەرگی کتێبەکەش لەلایەن محەمەد زاری_یەوە ئەنجامدراوە. 

دیار سۆفی، نوسەری کتێبەکە بە خەندان-ی وت، "ناوەڕۆکی شیعرەکان خۆیان نەبەستووەتەوە بە یەک بواری دیاریکراوەوە، بەڵکو باس لە کۆمەڵێک بواری جیاواز دەکات کە دونیابینی منە بۆ شتەکان لەڕێی زمانی شیعرەوە". 

"دەقەکان چەند پەنجەرەیەکن بۆ ڕوانین لە دونیا لە چاوی شیعریی منەوە، ئەمە نووسینەوەی غەم و ئازارو ئەزموونی منە، وێنای ڕابردووی منە لەڕێی زمانێکی ئەدەبی شیعرییەوە". دیار سۆفی وا دەڵێت. 

ئەم شاعیرە زیاتر دەربارەی ئەزموونی خۆی دواو وتی، "من هەوڵمداوە کۆپی ئەویتر نەبم واتا خۆم نەبەستووەتەوە بە هیچ یەکێک لە شاعیرانی ترەوە بەڵکو هەوڵمداوە ستایلی گێڕانەوەو وێناکروونی من شوناسی خودی خۆم بێت، لە هەر جێ کەسێک دێڕێکی منی بەرچاو بکەوێت دەزانێ من نووسیومە چونکە جۆری وێنا شیعرییەکان ڕەنگی خۆمی وەرگرتووە، من کارم لەسەر کورتبڕی و قووڵبوونە کردووە تا توانیبێتم لە درێژکردنەوەی شیعر خۆم پاراستووە، زیاتر کارم لەسەر وێنەی شیعری کردووە".

لەسەر بابەتی شیعری دەقەکان دیار سۆفی ئاماژە بەوەدەکات، دەقەکان تێکەڵن لە زۆر بوار، سەفەر، جەنگ، ژیان و مردن، خۆشەویستی، باسکردن لە دۆخی تەنیایی و وێناکردنی و گەڕانەوە بۆ چەمکی یادەوەری. 

لە کۆتاییشدا بە خەندان-ی وت، کتێبەکە یەکەمین ئەزموونی چاپکراوی منە و دەرگایەکە لێیەوە دەچمە دونیایەکی تر کە دۆخی نوسین و بەرکەوتنە لەگەڵ حەقیقەتی وشەدا،مامەڵەکردنە لەگەڵ وشەدا. "دواجار هەڵسەنگاندنی باش و خراپی دەق دەکەوێتە سەر خوێنەر کە بە چ شێوەیەک لەگەڵ تێکستەکاندا مامەڵە دەکات، چی لەلا دروست دەکات بەهیوام توانیبێتم سەرەتایەکی باش بێت بۆ ئیشکردن لەم بوارەی نووسیندا.

دیار سۆفی، شاعیرێکی گەنجی تەمەن ٢٦ ساڵە و دانیشتووی گەرمیانە، "برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە" یەکەمین ئەزموونی کتێبیەتی و پێشتر چەند وتار و دەقە شیعری لە چەند سایتێک بڵاوکردووەتەوە، ساڵی ٢٠١٧ لە فێستڤاڵی گەلاوێژ-بەشی شیعر  بەشداریکرد و لە ناو ٦٨ بەشداربوودا توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP