ڤیدیۆ؛ "خه‌باتى من له‌ ده‌فته‌رى به‌رپرسه‌كاندایه‌"
خەندان چیرۆکی خەباتی عاسى قەواڵی لە دووزخورماتوو دەگێڕێتەوە

- 12/26/2018 3:52:00 PM 13566 جار خوێندراوەتەوە
عاسى عه‌بدولكه‌ریم

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

له‌ به‌شى هه‌ناوى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى، پیاوێک و دوو له‌ كوڕه‌كانى بوونه‌ته‌ چیرۆكى به‌رگرى له‌ ناسنامه‌ى كورد و خاكى بوون.

عاسى عه‌بدولكه‌ریم، ناسراو به‌ عاسى قەواڵی، دوای 54 ساڵ لە ژیان له‌سه‌ر دوا سنوورى كوردستان و شه‌ڕى به‌رگریکردن له‌ ناسنامه‌كه‌ى، ده‌ڵێت، "ئاواره‌یى و بێكه‌سی ئێستام كه‌ ته‌ندروستیشم ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ خراپتر ده‌بێت، بێزار و بێمنه‌تى كردووم بۆیه‌ هیچم ناوێت".

له‌ به‌دواداچونێكدا خه‌ندان عاسى عه‌بدولكه‌ریم به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، ئەو له‌ ساڵى 1974ەوە له‌ خورماتوو ده‌ژیی و خاوه‌نى حه‌وت كچ و دوو كوڕه‌.

عاسى عه‌بدولكه‌ریم بۆ خەندان وتی، "ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بچێته‌وه‌ خورماتوو تا ناوچه‌كه‌ ئارام ببێته‌وه‌ و پێویست ناكات مادده‌ى 140 ئه‌و هه‌موو ماوەیە بخایەنێت و چاره‌نووسمان به‌نادیارى بمێنێته‌وه‌".

یه‌كه‌م ئاڵاى حه‌شدى شه‌عبى له‌ دووزخورماتوو عاسى عه‌بدولكه‌ریم دایگرت، ئه‌ویش له‌ تۆڵه‌ى ئه‌وه‌ى هاوڕێیه‌كى زۆر نزیكی به‌ ناوى ئیبراهیم له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه‌ شه‌هیدكرا، عاسى  دەڵێت، "به‌ڵێنمدا كه‌ نه‌چمه‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ى تا تۆڵه‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌ مه‌كینه‌یه‌كیش سه‌رجه‌م به‌ربه‌سته‌كانى نێو سنوره‌كانى كه‌ چه‌كداره‌كان له‌نێو خورماتوو دایان نابوو، لامبردووه‌".

هەروەها دەڵێت، "16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌ 10 خۆبه‌خش به‌رگریمان ده‌كرد له‌ كاتێكدا شار كه‌سى تێدا نه‌مابوو، ئه‌وه‌ى ناوى كورد بێت له‌ خورماتوو نه‌بوو، تا کاتژمێر 4:00 ماینەوە و دواتر خورماتوومان بەجێهێشت".

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی دووزخورماتوو هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك ئاوارەبوون، هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك بۆ سه‌نگاو و كۆرمۆر و گه‌رمیان و كه‌ركووك، ئه‌و خاكه‌ى كه‌ كوردی تێیدا بێ كه‌سبوو به‌ ناچارى جێیان هێشت.

عاسى کە ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی لە ژێرچاودێری پزیشکیدایە وتی، "ئیلتیهاباتى ماعیده‌ و خوێنم هه‌یه‌ و ڕیخۆڵه‌كانم كارناكه‌ن، ئێستا و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ خه‌بات و قورباندانین بۆ كورد، خه‌باته‌كه‌مان چووەته‌ ده‌فته‌رى به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانه‌وه‌، دیاره‌ ئێمه‌ مافمان نییه‌".

ماوەی 25 ڕۆژه‌ له‌ گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ و پاشانیش سلێمانى له‌ نه‌خۆشخانه‌ دەمێنێتەوە، دەڵێت، "نەخۆشییەکەم تاكه‌ هاوڕێمه‌ و لەگەڵم دێت، كه‌س لێم ناپرسێ و هیچ ئومێدێكم نه‌ماوه‌".

"ئێستا ناوێرم له‌ ترسى حه‌شدى توركمانى بچمه‌وه‌ دووزخورماتوو، ئایا نوێنه‌ره‌كانى ئێمه‌ چییان كرد بۆمان؟، بۆچى كارێك بۆ ئاواره‌كان و بێكه‌سبوونى ئاواره‌كان ناكه‌ن، نه‌خۆشى منیش هه‌ر له‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ هاتووه‌"، عاسى وایوت.

ئەوەشی وت، "له‌ شه‌ڕى داعشدا باش بیرمدێت، كه‌ چۆن حه‌شدى توركمانى داواى پاراستنیان له‌ ئێمه‌ ده‌كرد تا كورد بیان پارێزێت، كه‌ شه‌وێكیش شه‌شجار هێرشى كرد، به‌ڵام ئه‌وان پێچه‌وانه‌یان له‌گه‌ڵ كردین".

عاسی باس لە دۆخی دوای 16 ئۆکتۆبەر دەکات و دەڵێت، "دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر ماڵه‌كه‌میان تاڵانكرد دواتر لەگەڵ 70 ماڵی دیکەدا ته‌قاندیاننه‌وه‌، ئێستاش وه‌كو ئینفساڵ لاى حه‌شد له‌ قه‌ڵه‌مدراوم".

رونیشیکردەوە، " له‌ ڕووداوه‌كانى خورماتوودا په‌رله‌مانتارى توركمان هه‌بووه‌ ده‌یووت، من به‌ شه‌ڕ تووركبوونى خورماتوو ده‌سه‌لمێنم، من له‌ هه‌یكه‌لێكدا ده‌ژیم كه‌ په‌نجه‌رەى پێوه‌ نییه‌، واهه‌ست ئه‌كه‌م خه‌باتم نه‌كردووه‌، خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت پێى بزانرێت".

عاسی وەکخۆی دەڵێت، تەنها لە شەڕی داعشدا بەرگری لە دووزخورماتوو نەکردووە، بەڵکو له‌ ساڵى 1991دا یه‌كه‌م كه‌س دەبێت كه‌ برینداركراوە به‌هۆى هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاى به‌عس له‌ دووزخورماتوو.

زیاتر دەڵێت، دوای برینداربوونی تا دوا سات و پاكردنه‌وه‌ و شكاندنى ڕژێمى به‌عس نه‌چووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى برینه‌كه‌ی، دوای کۆنتڕۆڵکردنی بارەگای بەعس و پاشان سووتاندنی وێنەی سەدام حسێن لەناو سەنتەری خورماتوو برینەکەی لەلایەن پزیشکەکانەوە تیمارکراوە.

قه‌واڵى ئێستا كه‌ له‌ به‌شى فێركارى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى، له‌چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ردایه‌ به‌ خه‌مگینیه‌وه‌ ده‌ڵێت، هیچ كه‌س و لایه‌نێك هاوكارى نه‌كردووم و پاڵپشتى و سەردانیان نه‌كردووم، ئه‌وه‌ وایلێكردووم بێمنه‌تبم و بڵێم كه‌ هیچم ناوێت، و ڕۆژ ده‌ژمێرم لە بێ ئومێدى خۆمدا.


نیشانەکردن :

#خورماتوو

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP