گۆڕان و یەکێتی کێکی ھاوبەشێتی یان بەشەخێری پارتى؟

- 12/24/2018 8:54:00 PM 10663 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بڕیار جەلال

دواى 85 رۆژ لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هێشتا ئاسۆى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دیار نییە، گفتوگۆکانیش بۆ پێکهێنانى حکومەت تەنها لە نێوان "پارتى و گۆڕان و یەکێتى" ئەنجامدراون بەبێ ئەوەى هیچ بەرهەمێکى هەبێت، بەبڕواى ئەندامانى گۆڕان و یەکێتى و چاودێرانى سیاسى پێوستە یەکێتى و گۆڕان پێکەوە بچنە حکومەتەوە.

پارتى دیموکراتى کوردستان کە براوەى هەڵبژاردنە بە بەدەستهێنانى 45 کورسى، تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکى بەجیا لەگەڵ هەریەک لە یەکێتى و گۆڕان ئەنجامداوە، بەڵام نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە رازیکردنى ئەو دوو لایەنە سیاسییە بۆ بەشداریی کردن لە حکومەت.
سێ راى جیاواز لەناو بزوتنەوەى گۆڕان دروست بوە

لە ناوەڕاستى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم رێگرى کرد لە سەرۆکى پەرلەمان بۆ چونە ناو هەولێرو دواتر سەرجەم وەزیرەکانى گۆڕان لە کابینەکە "دەرکران"، ئەوەش گرژى و ئاڵۆزى گەورەى بەدواى خۆیدا هێناو تا تەواوبوونى کابینەکە رێگە نەدرا سەرۆکى پەرلەمان جارێکى دیکە مومارەسەى دەسەڵاتەکانى بکاتەوە.

لە ئێستادا سێ راى جیاواز لەناو بزوتنەوەى گۆڕان دروست بوە، رایەک پێى وایە پێویستە گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشدارى حکومەت نەکات، رایەکى تر لەگەڵ ئەوەدایە کە گۆڕان بەشداریی بکات، بەڵام گرەنتى تەواو لە پارتى وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنى ئەنجێنداى کارەکانى، راى سێیەم لەگەڵ ئەوەدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان رێکبکەون و پێکەوە بڕیارى بەشداریی کردن لە حکومەت بدەن، ئەمەش لەو روانگەیەى ئەو دوو هێزە جێنفوزى جەماوەرییان یەکە و پێکەوە دەتوانن هاوسەنگى هێز لە هەرێمى کوردستان دروست بکەنەوە.

جێگرى سەرۆکى جڤاتى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان، ساڵح ژاژڵەیی بە خەندان-ى راگەیاند: "لەناو بزووتنەوەى گۆڕان ڕاى جیاواز هەیە لەسەر بەشداریی کردن یان نەکردنى بزووتنەوەکە لە حکومەتى داهاتوو، چونکە هێشتا نازانرێت گۆڕان داواى چى پۆستێک دەکات و پارتى چى پۆستێک دەداتە گۆڕان".

وتیشى : "پێم باش نییە گۆڕان بەشداریی حکومەت بکات، چونکە لەڕابردوودا ئەزموونمان لەگەڵ پارتى هەبووەو متمانە کەمە، هیوادارم متمانەیەک دروست ببێت کە هەموو لایەک بتوانن بەشدارى حکومەت بکەن و خزمەتى هەرێمى کوردستان بکەین، بەڵام جۆرێک لە بێمتمانەیی دروست بووە بۆیە خەڵک نیگەرانە".

لەبارەى هۆکارى ئەو بێمتمانەییەى بزووتنەوەى گۆڕان بە پارتى، ساڵح ژاژڵەیی وتى: "پارتى ڕێگەى نەدا یوسف محەمەد سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى کوردستان بچێتەوە سەر کارەکەى و وەزیرەکانى گۆڕانى دورخستەوە، وە ئەو کاتەى کە وەزیر بوون وەک پێویست دەستیان کراوە نەبوو لە کارەکانیاندا، ئێمە کە دەچینە حکومەتەوە دەمانەوێت کارەکانى خۆمان و ئەجێنداى خۆمان جێبەجێ بکەین، کە من وەزیر بم و هیچ دەسەڵاتێکم نەبێت و وەک مۆزەفێک بم یانى چى پۆستێکە ئەوە؟".
گۆڕان دەیەوێت ئەجندای سیاسیی خۆى جێبەجێ بکات

گۆڕان دەیەوێت بەجۆرێک بەشداریی لە حکومەت بکات کە ئەجندای سیاسیی خۆى تێدا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوەش رەنگە بە 12 کورسیەوە لەبەرامبەر 45 کورسى پارتى دیموکراتى کوردستان کارێکى ئەستەم بێت، ئەوەش لەو روانگەیەى کە دەوترێت گۆڕان بە 24 کورسییەوە توشى گەورەترین گرفت بوون لە کابینەى هەشتەم، ئایا ئایا چۆن دەتوانن بە 12 کورسییەوە داکۆکى لە مافى دەنگدەرانیان بکەن؟

شیروان برایم خواز ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بە خەندان-ى راگەیاند: " لەئێستادا بۆچونى جیاواز هەیە لەبارەى بەشداریی کردنى گۆڕان لە حکومەتى داهاتوو، بۆچوونێک پێى وایە بەشداریی کرنمان خراپە و بۆچونێک پێى وایە کە باشە، دەبێت ئێمە ئەوە بزانین ئایا دەتوانین لە حکومەت کارى باش بکەین؟ ئایا دەتوانین لە دەستووردا سیستمى پەرلەمانى بچەسپێنین؟ بەداخەوە لە هەرێمى کوردستان رێککەوتنى زۆر کراوە، بەڵام دواجار ئەنجامى نەبووەو هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە دەبێت لەوە دڵنیا بین کە دەتوانین کارێک بکەین خزمەتى خەڵکى تێدابێت".
دەبێت دەسەڵاتمان هەبێت نەک وەک مۆزەفێک بین

لاى خۆشەوە جێگرى سەرۆکى جڤاتى گشتى گۆڕان دەڵێت: "دەبێت ئێمە وەزارەتمان بدەنێ نەک وەزیر، دەبێت دەسەڵاتمان هەبێت نەک وەک مۆزەفێک بین، دەبێت بتوانین ئەجێنداى بزووتنەوەکەمان جێبەجێ بکەین، ئەوەى لە بەرژەوەندى میللەتدا بێت جێبەجێی بکەین.

پارتى دیموکراتى کوردستان لەپێناو راکێشانى سۆزى ئەندامانى گۆڕان بۆ بەشداریی کردنیان لە حکومەت، لە کۆبوونەکانى لەگەڵ گۆڕان وتویەتى کە 12 کورسییەکەى گۆڕان حەڵاڵە و هى لایەنەکانى تر حەرامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەکاتى دواین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هێزە سیاسییەکان پارتیان بە ئەنجامدانى ساختەکارى گەورە تۆمەتبار دەکرد، ساڵح ژاژڵەیی دەڵێت: پارتى لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ گۆڕان بە روونى وتوویانە کە 12 کورسییەکەى گۆڕان حەڵاڵە، بەڵام هی لایەنەکانى تر حەڵاڵ نییە".

رەنگە پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەلایەن مەسرور بارزانى کوڕە گەورەى مەسعود بارزانى، گرفتى گەورەى بێتە بەردەم، چونکە کۆمەڵێک هێز هەر لە سەرەتاوە رایانگەیاندووە کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن، ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتى بۆ بەشداریى لە حکومەت، تەنها یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی کوردسانە لەگەڵ کەمینەکان، ئەوەش پارتى خستۆتە دۆخێکەوە کە دواجار بە ناچارى دەبێت بە داخوازییەکانى یەکێتى و گۆڕان رازی بێت و کێکەکەیان لەگەڵ بەش بکات.
لەگەڵ بوونى ئەو هەموو حزبە نیم

لەبارەى رێککەوتنى یەکێتى و گۆڕان و هەنگاونان بە ئاراستەى پێکەوە بەشداریی کردنیان لە حکومەت ساڵح ژاژڵەیی رایگەیاند: بێگومان ئەوە باشترە، هەرچەندە پێشتر لەگەڵ یەکێتى رێککەوتنمان هەبوو، کۆمەڵێک لەناو یەکێتى رێککەوتنەکەیان تێکدا، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین زۆر باشە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە هەردووکمان جێنفوزمان هەیە لەناوچەکەو دەبێتە هۆى زیاتر پاراستنى هێمنى و ئارامى ئەم سنوورە، دوەمین ئەوەیە کە دەتوانین بە هێزێکى گەورەترەوە بەشداریی حکومەت بکەین و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو تر دەبین.

ساڵح ژاژڵەیی وتیشى : من لەگەڵ بوونى ئەو هەموو حزبە نیم، پێموایە دوو لایەن هەبێت و پێشبڕکێى یەکتر بکەن بۆ بەرژەوەندى خەڵکى نەک بۆ شەڕو هەراو ناکۆکى، نەک وەک ئێستا پارتى خۆى بە هێزێکى گەورە دەزانێت و لەولاشەوە هێزەکانى دیکە پارچە پارچە بوون، بۆیە ئەگەر رێککەوتن لەنێوان یەکێتى و گۆڕان و لایەنەکانى دیکە بکرێت زۆر باشترە.
 بەهیوام یەکێتى و گۆڕان بتوانن زیاتر خزمەتى هاووڵاتیان بکەن

شیروان برایم خواز ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان لەبارەى رێککەوتنى یەکێتى و گۆڕان بۆ بەشداریی لەحکومەتى داهاتوو راگەیاند: من لەگەڵ ئەوەم هەر لایەنێک بچێتە حکومەت ئامانجى خزمەتکردنى هاوڵاتیان بێت، لاى من ئەوە گرنگە جا بەتەنیا بچین یان لەگەڵ یەکێتى، هەرچەندە ئێمە پێشتر رێککەوتننامەمان هەبوو لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان تەنها یەک خاڵ جێبەجێکرا ئەویش پێدانى پۆستى پارێزگارى سلێمانى بوو، بۆیە بەهیوام یەکێتى و گۆڕان کە جێنفوزى هەردووکیان پارێزگاى سلێمانییە بتوانن زیاتر خزمەتى هاووڵاتیان بکەن و هەر شتێک لەپێناو بەرژەوەندى هاوڵاتیان بێت ئەوە بکەن.

یەکێتى لەبارەى پێکەوە بەشداریی کردنیان لەگەڵ گۆڕان لە حکومەتى داهاتووى هەرێمى کوردستان، هەمان راى گۆڕانى هەیەو ئەندامێکى سەرکردایەتى ئەو حزبە دەڵێت ئەگەر بە یەک پاکێج بەشدارى حکومەت بکەن، دەتوانن باشتر ئامانجەکانی دەنگدەرانیان بهێننە دى.

رەهبەر سەید برایم ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانیى کوردستان بەخەندان-ى راگەیاند: ئەگەر یەکێتى و گۆڕان بە یەک پاکێج بەشدارى حکومەت بکەن، بەدڵنیاییەوە دەتوانن باشتر ئامانجەکانی دەنگدەرانیان بهێننە دى و ئاشتى و ئارامى و خزمەتگوزارى زیاتریش هەم لە هەرێمى کوردستان و هەم لە جێنفوسى فراوانى خۆیان جێبەجێ بکەن.

وتیشى : هەرچەندە هێشتا هیچ بڕیارێکى لەو شێوەیە نییە، بەڵام ئەگەر هەنگاوێکى لەو شێوەیە بنرێت، زۆر گرنگ دەبێت.

لاى خۆیەوە سلێمان عەبدوڵا یونس، خاوەنى دامەزراوەى میدیایی خەندان لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانى "پەنجەمۆری مامجەلال و کاک نەوشیروان، بەسەر میراتێکی ھاوبەشەوە" نوسیویەتى : "گۆڕان؛ پێش ئەوەی کێبڕکێی یەکێتی بکات، بۆ بەشداری کردن، لە حکومەتی پارتی، باشترە بیر لە ڕێکەوتن و ئارامی بکاتەوە لەناو قەڵەمڕەوی یەکێتی!"،"یەکێتی؛ پێش ئەوەی بەڕێکەوتن لەگەڵ  پارتی، بیر لە پەڕاوێزخستنی گۆڕان بکاتەوە، باشترە ڕێ لە پەڕاوێزخستنی خۆی بگرێت لەڕێگای بەئاکام گەیاندنی ڕێکەوتنی نێوان خۆی و گۆڕانەوە".
یەکێتی بەڕێکەوتن لەگەڵ گۆڕان، ھاوسەنگی ھێز لەکوردستان و ھەستانەوەی قەڵەمڕەوەکەی مسۆگەر دەکات

هەروەها سەرۆکى دامەزراوەى میدیایی خەندان نوسیویشیەتى: "گۆڕان؛ بەڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی، زۆرایەتی بنکە جەماوەریەکەی کەداینەمۆی بەردەوامیەتی، براوە دەبێت و بەڕێکەوتنیش لەگەڵ پارتی بەشێک لەسەرکردایەتیەکەی سودمەند دەبێت. یەکێتی بەڕێکەوتن لەگەڵ گۆڕان، ھاوسەنگی ھێز لەکوردستان و ھەستانەوەی قەڵەمڕەوەکەی مسۆگەر دەکات و بەڕێکەوتن لەگەڵ پارتی و پشتکردنە دیفاکتۆی گۆڕانیش، لەشەراکەتی ڕاستەقینە، دورتر دەکەوێتەوە!".
 
بۆ یەکێتی و گۆڕان، چەسپاندنی بەھاکان و ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و حکومەتێکی دادپەروەر کەبنەمای گوتاری ھاوبەشیانە، پەیوەستی کۆتاھێنانە بە دابەشکاریەکانی ناو جوگرافیا و جەماوەرە ھاوبەشەکەیانەوە. ئەوەش نەخشەڕێگایەک بوو، مامجەلال و کاک نەوشیروان، وەک میراتی سیاسی نوسراو، بەپەنجە مۆری خۆیانەوە، بەناوی رێکەوتنی دەباشانەوە بەجێیانھێشت!، سلێمان عەبدوڵا یونس واى نوسیوە.

ئەگەر پارتى دیموکراتى کوردستان بیەوێت ئاستەنگەکانى بەردەم پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم کە مەسرور بارزانى سەرۆکایەتى دەکات هەڵبگرێت، دەبێت ئامادەبێت کێکى حکومەت لەنێوان خۆى و گۆڕان و یەکێتى دابەش بکات و جارێکى تر هاوسەنگى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دروست بکاتەوە، بەپێچەوانەوە رەنگە پێکهێنانى حکومەت و گەیشتنە رێککەوتنى ئەو سێ لایەنەى هەرێمى کوردستان چەندین مانگى تر بخایەنێت، ئەوەشى زیانمەندى یەکەم دەبێت لێى تەنها هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP