دوایین وتەی ژنە سووتاوەکەی چەمچەماڵ چیبوو؟

- 12/24/2018 12:49:00 PM 108755 جار خوێندراوەتەوە
سێوان قادر و یەکێک لە منداڵەکانی

خه‌ندان- ئەحمەد مستەفا

شه‌فیق نورى، مامى سێوان و خێزان و كه‌سوكارى سێوان له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ى سووتاوى سلێمانى فرمسێك ده‌ڕێژن و ده‌یانه‌وێت ته‌رمى سێوان قادر ببەنه‌وه‌ و له‌ ته‌نیش سێ منداڵه‌كه‌ى له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌خاكى بسپێرن.

شه‌فیق نورى، مامى سێوان قادر کە هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ سێ منداڵی سووتان بە رۆژنامەنوسانی وت، كاتژمێر 2:30 خوله‌كى بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێوان گیانى له‌ده‌ستدا، پێش گیان له‌ده‌ستدانیشى وتی، "ئامۆژن ئه‌و منداڵانه‌ له‌سه‌ر سنگم لابه‌ره‌، دیاربوو ده‌یوست بچێت بۆ لاى په‌پوله‌كانى".

مامی سێوان ئاماژەی بەوەشکرد، "40 ڕۆژه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خه‌مه‌كانى كچه‌كه‌مان ده‌ژین و گوێ له‌ كێشه‌كانى ده‌گرین، به‌داخه‌وه‌ سێوان کێشەی خێزانی هەبوو، گەنجی ئێمە ژن دەهێنن، دواتر دوای کەسێکی جوانتر دەکەون".

سێوان قادر، 16ى ئه‌م مانگه‌ له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌وە خۆیى و سێ له‌ منداڵه‌كانى سووتان و دواتر سێ منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا، و ئەمڕۆش خۆی ماڵئاوایی لە کەسوکاری کرد.

سێوان قادری تەمەن 23 ساڵ، منداڵەکانی دوو کچ و کوڕێک بوون و تەمەنیان پێنج ساڵ و  دوو ساڵ و یەک ساڵ و نیو بوون.

هەمان شەوی ئاگرکەوتنەوەکە منداڵەکانی سێوان گیانیان له‌ده‌ستدا، خۆشی لەسەدا 90ی جەستەی سووتا، پاش مانه‌وه‌ى بۆ ماوەی هه‌شت ڕۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئەمڕۆ دووشەممە گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای چەشتنی ئازارێکی زۆر سووتاوییەکەی.

هاوسه‌رى سێوان قادر، کە لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارکراوە له‌لایه‌ن پۆلیسى چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و هێشتا لێكوڵینه‌وه‌ی لەگەڵدا دەکرێت.

به‌ وته‌ى كه‌سه‌ نزیكه‌كانى سێوان، قادر نورى باوکی سێوان بڕیاریداوە، پرسە بۆ کچەکەی نەگیڕێت تاوەکو کێشەی مردنی کچەکەی کێشەی زیاتری بەدوادا نەیەت و هۆكاریی ڕووداوه‌كه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌یان ڕوون ده‌كرێته‌وه‌.

پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ته‌رمى سێوان قادر گه‌یشته‌وه‌ چه‌مچه‌ماڵ، و به‌شێك له‌ دانیشتووانى قه‌زاكه‌ پێشوازییان له‌ ته‌رمه‌كه‌ى كرد، ئیداره‌ى قه‌زاكه‌ش به‌هۆى ڕووداوى گیانلەدەستدانی سێوان قادر و سێ له‌ منداڵه‌كانى،  سبەی سێشەممەی بە ماتەمینی گشتی لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانی ڕاگەیاند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP