هەسەدە: دواى بڕیارى کشانەوەى ئەمریکا داعش هێرشەکانیان چڕکردۆتەوە

- 12/23/2018 9:51:00 PM 2812 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات رایگه‌یاند دواى ئەوەى ترەمپ بڕیاریدا هێزەکانى لە سوریا بکشێنێتەوە، هێرشەکانى داعش زیادیکردۆتەوە.

كینو گابرییل وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌وباره‌یەوه‌ رایگه‌یاند: "داعش بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكای‌ له‌ سوریا قۆستۆته‌وه‌ و هێرشی‌ چڕی‌ له‌ دژی‌ هێزه‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌".
هێزه‌كانمان به‌رده‌وامن له‌ پێشڕه‌وی‌ له‌ هه‌جین

لەبارەى هێرشەکانى ئەم دواییەى هێزەکانیان لە هەجین وته‌بێژی‌ هه‌سه‌ده‌ وتی‌: "به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، هێزه‌كانمان به‌رده‌وامن له‌ پێشڕه‌وی‌ له‌ شاری‌ هه‌جین و ده‌وروبەرى".

ئاماژەى بەوەشکردووە کە هێشتا بەشێوەیەکى واقعى هێزەکانى ئەمریکا دەستیان بە کشانەوە نەکردووە.

هەر ئەمڕۆ دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکى تورکیا باسى کشانەوەى هێزەکانیان کردوەو ئاماژەى بەوەکردوە کە کشانەوەکە بەشێوەیەکى لەسەرخۆ دەبێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP