بەپەلە

دوو رۆژی دیکە گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆتایی دێت
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: تورکیا بەڵێنیداوە وادەی گەمارۆکان درێژنەکاتەوە

- 12/23/2018 1:31:00 PM 8826 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - ئەحمەد مستەفا

وادەی کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە تەنها دوو رۆژی ماوە و تا ئێستاش دیارنییە گەمارۆکان هەڵدەگیرێن یان نا، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، بەرپرسانی تورکیا بەڵێنیانداوە گەمارۆکان درێژنەکرێنەوە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ئێستادا هیچ گەشتێکی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتی تورکیا نییە و لە ژێر گەمارۆدایە، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی ئازاری 2018 حکومەتی تورکیا گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بەڕووی ئاسمانی هەولێردا کردەوە، بەڵام "بەهۆکاری سیاسی" گەمارۆکانی سەر سلێمانی تاوەکو 25ی ئەم مانگە درێژکردەوە.

 

 

تاهیر عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى بە خەندان-ی راگەیاند، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خاوه‌نى ئه‌و پرسه‌ن و پێویسته‌ ئه‌وان زیاتر هه‌وڵه‌كانیان بۆ لابردنى گه‌مارۆكه‌ بخه‌نه‌گه‌ڕ، كه‌ تائێستا ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كان به‌ سلبى یان ئیجابى ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی زیانى ماددی زۆری کردووە و ناوبانگی خراپ بووە لە ئاستی دەرەوەدا، ئەوە جگە لەوەی لە ئێستادا لەسەدا 35ی گەشتەکانی کەمبووەتەوە.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بەڕێوەچوو لە 25ی مانگی ئەیلولی 2017 دا، 14ی مانگی ئازاری ئەمساڵیش گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی کرانەوە، بەڵام تورکیا رەتیکردەوە رێگە بدرێت بە ئەنجامدانی گەشت لە سلێمانییەوە بۆ وڵاتەکەی و بە پێچەوانەشەوە.

هەڵنەگرتنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دوای ئەوە هات کە پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی ئەنقەرە و یەکێتی لە مانگی ئابی ساڵی 2017 دا گەیشتە  بنبەست و بەهۆیەوە بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە رەوانەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بە خەندان-ی راگەیاند، "وەک یه‌كێتى هه‌وڵێكى زۆرمانداوە و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بەرپرسانی تورکیا قسه‌مان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌رى و به‌غدادیش قسه‌ كراوه‌، تاوەکو له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى گشته‌كانی فڕۆکەخانەی ڕۆڵى خۆى هه‌بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "له‌ ئه‌نجامى هاوڵه‌كان بەرپرسانی تورکیا به‌ڵێنیانداوه‌ 25 ئەم مانگە، كۆتاجار بێت و گه‌مارۆکانی سەر گه‌شته‌كانى فڕۆکەخانەی سلێمانى درێژنه‌كه‌نه‌وه‌".

 

 

ئه‌سه‌سه‌رد دەڵێت، "ئه‌گه‌ر بەرپرسانی تورکیا به‌ڵێنه‌كه‌یان برده‌ سه‌ر ئه‌وا بێگومان فڕۆخانه‌كه‌ی سلێمانی ده‌ست به‌ گه‌شته‌كانى ده‌كاتەوە بۆ وڵاتى توركیا، بەڵام ئێمە پێمان وایە هۆكاری راگرتنی گەشتەکان سیاسییه‌ و كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كێشه‌كان وه‌لابنرێن".

لەبارەی گەڕانەوەی نوێنەری یەکێتی بۆ تورکیا ئەسەسەرد وتی، ئه‌گه‌ر توركیا گه‌مارۆى سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ى سلێمانى لابه‌رێت ئه‌وا ڕێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى بابه‌ته‌كانى دیكه‌، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ دانان یاخود گه‌ڕانه‌وه‌ى نوێنه‌رى یه‌كێتیى نیشتیمانی کوردستان دەبێت بۆ توركیا.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت، "هه‌روه‌ك چۆن تورکیا نوێنه‌رى لە هەرێمی کوردستان هەیە پێمان باشه‌ یەکێتی نوێنه‌رى فه‌رمی لە تورکیا هه‌بێت".  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP