ترەمپ: سوریا بۆ تورکیا جێدەهێڵین

- 12/22/2018 10:17:00 PM 12567 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بڕیار جەلال

سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رایگەیاند، سوریا بۆ تورکیا جێدەهێڵین و با کارەکانى تەواو بکات.

لە توێتێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر، دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رایگەیاند: " ئێمە بۆ سێ مانگ چوینە سوریا، بەڵام ئەوە حەوت ساڵە لەوێین، کاتێک بوومە سەرۆک داعش دڕندەبوو، بەڵام ئێستا داعش شکستیهێناوەو پێویستە وڵاتانى تر چاودێرى ناوچەکە بکەن بەتایبەتى تورکیا".

 

ترەمپ وتوشیەتى:" ئێمە دەگەڕێینەوە نیشتیمانى خۆمان، دەبێت تورکیا و وڵاتەکانی تر بتوانن کارەکان تەواو بکەن.

ئەم تویتەى ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ بریت مەکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى دژى داعش دەستى لە پۆستەکەى کێشایەوەو هۆکارەکەشى بۆ بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا گەڕاندەوە.

ڕاوێژکارێکى کۆمارییەکان بۆ خەندان ئاشکراى کرد کە هێزەکانى ئەمریکا لە ڕێگەى خاکى عێراقەوە دەکشێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پەیوەندى بە سەرۆک بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق کردووەو داواى هەماهەنگى لێکردووە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP