راوێژکارى کۆمارییەکان بۆ خەندان : لەگەڵ شوێنگرەوەى ماکگۆرک نین
پۆمپیۆ لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا تەلەفۆنى بۆ سەرۆک بەرهەم کردووە

- 12/22/2018 8:51:00 PM 8769 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بڕیار جەلال

راوێژکارێکى کۆمارییەکان رایدەگەیەنێت، چواردە راوێژکارى حکومەتى فیدرالى لەگەڵ شوێنگرەوەى برێت ماکگۆرک نین، هاوکات ناوەرۆکى بەشێک لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سەرۆک بەرهەم ساڵح بۆ خەندان ئاشکرا دەکات.

زەردەشت بابان ئەندامى کۆمارییەکان و راوێژکار لە حکومەتەکەى دۆنالد ترەمپ لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند: "ماوەیەکى زۆره بڕیار دراوە بە لەسەر کارلابردنى برێت ماکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى دژى داعش".
١٤ راوێژکارى حکومەتى فیدرالى لە کۆى ١٨ راوێژکار لەگەڵ دانانى شوێنگرەوەى برێت ماکگۆرک نەبوون

لەبارەى شوێنگرەوەى ماکگۆرک وتى: " دوێنێ کۆبوونەوەیەکى گرنگ لە واشنتن ئەنجامدرا کە تیایدا ١٤ راوێژکارى حکومەتى فیدرالى لە کۆى ١٨ راوێژکار لەگەڵ دانانى شوێنگرەوەى برێت ماکگۆرک نەبوون، بەڵام بۆچوونێکى تر ئەوەبوو کە کارى سەربازى پەیوەندى نییە بە باڵیۆز و سەرکونسوڵ بۆیە گرنگە کە شوێنگرەوە دیاریی بکرێت، دواجار بڕیارەکە لاى سەرۆک ترەمپ خۆیەتى". 

ئەو راوێژکارەى حکومەتى فیدراڵى ئەمریکا لەبارەى هۆکارى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى ئەمڕۆ مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بەرهەم ساڵح ئاشکراى کرد، بەشێکى ئاگادارکردنەوەى سەرۆک کۆمارى عێراق بووە لەبارەى لەسەرکارلابردنى ماکگۆرک، بەشێکى پەیوەندى هەبووە بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا لە ڕێگەى خاکى عێراقەوە.

 

ئەمڕۆ برێت ماکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕى داعش لە عێراق دەستى لەکارکێشایەوە، بەهۆکارى ناڕەزایی بوونى لەبڕیارى دۆنالد ترەمپ لەسەر کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا.

دواى بڕیارەکەى ترەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا، ئەمە دووەمین بەرپرسى باڵاى وڵاتەکەیەتى کە لەدژى ئەو بڕیارە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى 21 کانوونى یەکەم جیمس ماتیس وەزیرى بەرگرى ئەمریکا دەستى لەکارکێشایەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مایک پۆمپیۆ پەیوەندی تەلەفۆنی بە  د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق-ەوە کردووە و گرنگیی كاری هاوبەشی درێژخایەنی و پشتیوانیكردنی گەشەكردنی ئابووری و سەربەخۆیی عێراقی دووپاتكردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پۆمپیۆ لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەدا باسی لە "شكستهێنانی ئەمداوییەی داعش لە سوریا" كردووە و جەختیشیكردووەتەوە، لە بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی داعش و بنیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و بوژاوەتر.

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP