ساڵح موسلیم: ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنى ئێمه‌ نه‌هاتبووە رۆژئاوای کوردستان

- 12/22/2018 3:28:00 PM 11321 جار خوێندراوەتەوە
ساڵح موسلیم

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکرات (تەڤدەم) رایگەیاند، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنى ئەوان نەچوونەتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو ئامانجى خۆیان هه‌بووه‌، دەشڵێت، دوای کشانەوەی ئه‌مه‌ریكا ئەوان كارى خۆیان ده‌كه‌ن و بەردەوامی بە بەرخۆدان دەدەن.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکرات (تەڤدەم) لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان دەڵێت، "ئه‌مه‌ریكا ئازادە لە کشانەوەی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان، به‌ڵام ده‌بوو پلانیان بۆ پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بووایە و هه‌ماهه‌نگى زیاتر بكرایه‌، به‌ڵام له‌ غیابى ئه‌واندا بێگومان ئێمه‌ پلانى خۆمان ده‌بێت بۆ قۆناغى پاش كشانه‌وه‌یان".

لەبارەی بۆچوونی حکومەتی سوریا بۆ بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا موسلیم ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین هه‌ر لایه‌ن و به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى مامه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانى ناو حكومه‌تى سوریا و ڕژێمى ئه‌سه‌د به‌  بڕیاره‌كه‌ دڵخۆشبن".

خه‌ندان: دۆخی رۆژئاوای کوردستان لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە لە ئێستادا چۆنە، بەتایبەت کە ئەمەریکا بڕیاریداوە هێزەکانی بکشێنێتەوە؟

ساڵح موسلیم: له‌ ئه‌رزى واقعدا شته‌كان هیچ نه‌گۆڕاون، هێزه‌كانی ئەمەریکا له‌ جێگه‌ى خۆیانن، به‌ڵام پێمان وتراوه‌ كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌، و تا ئێستاش هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌یان پێى ڕانه‌گه‌یاندووین، بڕیاره‌كه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر  هه‌موو هێز و لایه‌ن و خه‌ڵكى سڤیلى ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌.

خه‌ندان: ئه‌مه‌ریكا بڕیاریداوه‌ هێزه‌كانى له‌ سوریا بكشێنێته‌وه‌، هۆکاری ئەو بڕیارە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 
ساڵح موسلیم: ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنى ئێمه‌ نه‌هاتبوو، ئامانجێكى خۆى هه‌بووه‌ و ئێمه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى شه‌ڕى داعش هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ كردن، ئه‌مه‌ریكاش بكشێته‌وه‌ و كارى خۆمان ده‌كه‌ین و به‌ ڕۆشتى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیش به‌رده‌وامى به‌ به‌رخۆدانى خۆمان ده‌ده‌ین، چونكه‌ پێش هاتنى ئه‌وانیش ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌كانى دیكه‌ بووینه‌ته‌وه‌، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ هێرشمان له‌سه‌ر كه‌س نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌ركه‌س و لایه‌نێك هێرش بكات ناوچه‌كان و خۆمان ده‌پارێزین.

خه‌ندان: بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا چ پێناسه‌یه‌كى بۆ ده‌كرێت؟

ساڵح موسلیم: بڕیاڕ بڕیارى ئه‌مه‌ریكایه‌ و ئازاده‌ له‌ بڕیارى خۆى، ئه‌وه‌ كارى ئێمه‌ نییه‌ بڵێین ئه‌وه‌ى كردویه‌تى خیانه‌ته‌، به‌ڵام ده‌بوو پلانیان بۆ پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بووایە و هه‌ماهه‌نگى زیاتربكرایه‌، به‌ڵام له‌ غیابى ئه‌واندا بێگومان ئێمه‌ش پلانى خۆمان ده‌بێت بۆ قۆناغى پاش كشانه‌وه‌یان.

خه‌ندان: له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د گفتوگۆكراوه‌ بۆ پاراستنى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان؟

ساڵح موسلیم: پێشتر گفتوگۆ هه‌بووه‌، به‌ڵام پاش بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا هیچ گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى سوریای دیموكرات و هێز و لایه‌نه‌كان ئاماده‌یی هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌شتنێكین، ئه‌وه‌ش كه‌وتووەته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت چى بكه‌ن، ئێمه‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا خاكى خۆمان ده‌پارێزین و له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ ناوه‌ستین، به‌ڵام هه‌ر هێزێكیش بیه‌وێت هه‌ماهه‌نگى بكات ده‌بێت گفتوگۆ بكه‌ین.

خه‌ندان: بۆچوونی حكومه‌تى سوریا لەبارەی بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى لە سووریا چییە؟

ساڵح موسلیم: تا ئێستا حكومه‌تى سوریا هه‌ڵوێستێكى فه‌رمى نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین هه‌ر لایه‌ن و به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى مامه‌ڵه‌ ده‌كات، وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانى ناو حكومه‌تى سوریا و ڕژێمى ئه‌سه‌د به‌  بڕیاره‌كه‌ دڵخۆشبن.

خەندان: خوێندنەوەتان چییە بۆ هەڕەشەکانی تورکیا و هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات؟

ساڵح موسلیم: ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاندووه‌ شه‌ڕ پێفرۆشتن و پیلانى شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر ڕۆژئاوا و باكوورى سوریا، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ى پیلانى جیاجیاوه‌ بگاته‌ ئامانجه‌كه‌ى. 
هێرشه‌كانى توركیاش هه‌مان به‌رنامه‌ڕێژى ڕێكخراوى داعش بووه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر سستبوونى له‌ ناوبردنى ئه‌و ڕێكخراوه‌، كه‌ ئێستا چوار هه‌زار شه‌ڕڤان له‌ هه‌جین و ناوچه‌كانى دێره‌زوور سه‌رقاڵى له‌ناوبردنى گروپه‌كه‌ن، وه‌ ئه‌و هێرشه‌ى توركیا هه‌مان ئامانجى عه‌فرینى له‌ پشته‌وه‌یه‌.

خه‌ندان: ئه‌گه‌ر سوپاى توركیا هێرش بکات، چ ناوچه‌یه‌ك مه‌ترسى له‌سه‌ر ده‌بێت؟

ساڵح موسلیم: ئێمه‌ نازانین پلانى توركیا چییه‌، به‌ڵام ئه‌وان دیاره‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ ڕۆژهه‌ڵات و باكوورى و سوریا داگیربكه‌ن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌واوى ڕۆژئاوا و ناوچه‌ گرنگه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دروستده‌كات.

خه‌ندان: جگه‌ له‌ وڵاتى فه‌ڕه‌نسا هیچ وڵاتێکی دیکەی بە فەرمی پشتیوانی بۆ دەربڕیوون، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا؟

ساڵح موسلیم: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تا ئێستا وڵاتى فه‌ڕه‌نسایه‌، كه‌ به‌فه‌رمى پشتیوانى ده‌ربڕیوه‌ و گفتوگۆمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێك و وڵاتێكى دیكه‌ گفتوگۆى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ڕۆژئاوا نه‌كردووه‌، ئەگه‌رچى لێره‌ و له‌وێ باس له‌ پشتیوانى بۆ هێزه‌كانمان ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش جێگه‌ى دڵخۆشى و مایه‌ى گفتوگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ڕۆژئاوا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP