ئایا وەزیرى دارایی رۆڵى چۆن بووە؟
نهێنییەکانى پشت پشکى کورد لە بودجەى ٢٠١٩ ى عێراق

- 12/21/2018 9:56:00 AM 73327 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- کۆچەر عەزیز

هەرچەندە پێشتر پەرلەمانتارانى کورد لە دانیشتنیان لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق سەرجەم ئەو بڕگەو ماددانەیان داوەتە وەزیرە کوردەکە، بەڵام کاتێک رۆژى 20/12/2018 پرۆژە یاسای بودجە چویە پەرلەمانى عێراق فراکسیۆنە کوردییەکان توشى شۆک بوون، کاتێک بینیان فوئاد حسێن نەیتوانیوە بەرۆڵى خۆى هەستێت،   لەلایەکى تریشەوە خەندان زانیویەتى کەدواى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە سەرۆک کۆمارى عێراق نیگەرانى خۆى لەسەر بەشە بودجەى هەرێم دەربڕیوەو داواى لە سەرۆک وەزیران کردووە مافە داراییەکانى کورد لە یاساى بودجەى ٢٠١٩ جێگەى بکرێتەوە. 

دواى ئاسایی کردنەوەى دۆخى هەرێم و بەغداد، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق بڕیارییدا بەپێدانى لە ١٢.٦٧% ى بودجەى گشتى عێراق بە هەرێمى کوردستان، ئەوەش نارەزایی زۆرى لێکەوتەوەو راگەیەندرا کە دیاریی کردنى ئەو رێژەیە بۆ کورد هەرەمەکییەو مافى رەواى هەرێمى کوردستان نییە بەو پێیەى ژمارەى دانیشتوانى هەرێم ١٣.٩% دانیشتوانى عێراق پێکدەهێنێت.


پێش خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى بودجە، پەرلەمانتارانى کورد هەموو داواکارییەکانى پێکهاتەى کوردیان پێشکەشى وەزیرى دارایی عێراق کردبوو بۆ ئەوەى بخرێتە پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ ى عێراق، بەڵام کاتێک خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە کرا، هیچ گۆڕانکارییەک رووینەدابوو، پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت کە پرۆژە یاساکە هاتە پەرلەمان توشى شۆک بووین، پەرلەمانتارێکى تریش رایدەگەیەنێت دەبوو وەزیرى دارایی رۆڵى خۆی ببینێت.

 

 

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان بە خەندان-ى راگەیاند: "وەزیرى دارایی لە ئامادەکردنى پرۆژە یاساى بودجە گەورەترین رۆڵى هەیە، چاوەڕوانیمان ئەوەبوو کە لانى کەم رێژەى ١٢.٦٧% لاببرێت و بکرێت بە ١٤% وە داتاکانمان داوەتە وەزیرى دارایی کە ئەو کاتە بە وەکالەت وەزیرى پلاندانانیش بوو، بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى پلاندانان هەرێمى کوردستان رێژەى دانیشتوانەکەى نزیکەى ١٤%یە، کاتێک عەبادى ١٢.٦٧%  لە رەشنوورى پێشوو داناوە هیچ بنەمایەکى نییەو بەشێوەیەکى هەڕەمەکى دایناوە.

لەبارەى ئەوەى بۆچى پێشتر پەرلەمانتارانى کورد مافەکانى کوردیان لەگەڵ وەزیرى دارایی باس نەکردووە، ئەو ئەندام پەرلەمانەى گۆڕان رایگەیاند: " پێشتر هەموو داتایەکمان داوەتە وەزیرى دارایی، داوامان کردبوو کە پێشمەرگە ببێت بە ژمارەیەکى دیارییکراو وەکو وەزارەتى ناوخۆو بەرگرى، نەک بە ماددەیەکى لاستیکى باس لە مافى پێشمەرگە لەناو هێزى وشکانى عێراق بکرێت، لەناو وەزارەتى ناوخۆدا شتێک نییە بەناوى تایبەتمەندێتى هێزى وشکانى، بۆیە جێگەى ئەسەفە بۆ ئێمە، من پێموایە وەزیرى داراییش و ئەو تیمەشى لەگەڵى بوون لە گفتوگۆکاندا رەنگە توانایان هەر ئەوەندە بووبێت، بەڵام پێویست بوو توانایان زیاتر بێت و نەدەبوو بەهیچ شێوەیەک وەزیرى دارایی بچێتە ژێر بارى جێگیرکردنى رێژەى ١٢.٦٧% چونکە لەپەرلەمان بەهیچ شێوەیەک ئەو رێژەیە دەستکارى ناکرێت".

وەزارەتى دارایی عێراق کە پشکى پارتى دیموکراتى کوردستانە، فوئاد حسێن وەزیرەکەیەتى و هاوکات جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراقیشە، دەیتوانى دەسەڵاتى خۆى بەکاربهێنێت بۆ گێڕانەوەى مافەکانى کورد لە پرۆژە یاساى بودجەدا، بەڵام کاتێک خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە کرا هیچ گۆڕانکارییەک لە مافەکانى کورد لە پرۆژە یاساکەدا ئەنجام نەدرابوو.

هەموو هەوڵێکى خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرى ئەو بابەتە

لاى خۆیەوە رێبوار کەریم ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە خەندان-ى راگەیاند: "وەزیرى دارایی هیچ گۆڕانکارییەکى نەکردووە، ئێمە داوامان کردووە کە بەپێى ئامارەکانى حکومەتى عێراقى پێکهاتەى هەرێمى کوردستان نزیکەى ١٤% ى دانیشتوانە، بۆیە پێشتر داوامان لە وەزیرى دارایی کرد، بەڵام بەداخەوە لە رێژەى هەرێمى کوردستان بودجە زیادنەکراوە، تەنها لە خەرجییە سیادییەکان بڕێک پارە بۆ هەرێم زیادکراوە، وە ئێمە هەموو هەوڵێکى خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرى ئەو بابەتە".

نیگەرانى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق لەبەرامبەر گوێنەدانى وەزیرى دارایی عێراق بە مافەکانى کورد توشى شۆکى کردوون، پەرلەمانتارێکى کۆمەڵى ئیسلامى دەڵێت، وەزیرى دارایی هیچ رۆڵێکى نەبینیوە ئەوەش توشى شۆکى کردین.

هەر بەپێى بەڵگەنامەیەک کە وێنەیەکى دەست خەندان کەوتووە، لیژنەى حکومى تایبەتمەند بە بودجەى ٢٠١٨ ى عێراق سێ سیناریۆى بۆ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ناردۆتەوە کە لە هەرسێ سیناریۆکەدا پشکى هەرێم ١٢.٦٧% ەو ئیمزاى فوئاد حسێن وەزیرى دارایی لەسەرە.

ئەحمەد حاجى رەشید  ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵ بە خەندان-ى راگەیاند: "دەبوو وەزیرى دارایی لە پرۆژە یاساى بودجەدا رۆڵى خۆى ببینیایە، بەڵام هیچ رۆڵێکى نەبینیوە، ئێمەش بەراستى توشى شۆک بووین کە پرۆژە یاساکە بەو شێوەیە هاتە پەرلەمانەوە، چونکە پێشتر لەگەڵ وەزیرى دارایی دانیشتبووین و باسى ئەو خاڵانەمان کردبوو کە چۆن پرۆژە یاساکە بێت، وە چۆن گۆڕانکارى تێدا دەکرێت بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا نەکراوە".
دەبێت وەزیرى دارایی هەڵوێستى هەبێت، چونکە ئەو نوێنەرى خەڵکى کوردستانە

وتیشى : دەبێت وەزیرى دارایی هەڵوێستى هەبێت، چونکە ئەو نوێنەرى خەڵکى کوردستانە، ئایا حزبەکەى رازییە لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە؟ ئەمە جێگەى پرسیارە، بۆیە چاوەڕێین هەڵوێستیان هەبێت لەو بارەیەوە.

لەبەرامبەردا فراکسیۆنی پارتی کە وەزیری دارایی لە پشکی ئەوانە و ئەو ئیمزای لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە کردووە کە هیچ لە داواکارییە سەرەکییەکانی کوردی تێدا جێگە نەکراوەتەوە راى پێچەوانەی هەیەو ، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت،" پرۆژە یاسای ئەمساڵ بە هەموو شێوازێک لە پرۆژە یاسای ساڵی رابردوو باشترە بۆ کورد".
پەرلەمانتارێکى پارتى دەڵێت بڕیار لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا تەنها بەدەست وەزیری دارایی نییە، بڕیارەکان گشتین
دانا جەزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە خەندان-ی راگەیاند، هەندێک گۆڕانکاری لە پرۆژە یاساکەدا کراوەو نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینار زیادکراوە بۆ پرۆژەکە، بەڵام ئەوە ئێستا لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نەبووە، لە کۆبوونەوەی داهاتووى پەرلەماندا تێبینییەکانی خۆیان پیشکەشدەکەن.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دەشڵێت، ئەو پرۆژەیە بە شێوەی یاسایی هاتووەتە پەرلەمان و ناتوانین لێی لابدەین، بەڵام دەتوانرێت ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رێککەوین کە گۆرانکاری تێدابکەین، ئەم بودجەیە تەنها کێشە نییە بۆ کورد بۆ لایەنەکانی دیکەش کێشەی تێدایە و هەمە لایەنە.
ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین  وەزیری دارایی زۆر هەوڵیداوە

دانا جەزا ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی بەو رێژەیە رازی نین، پێشنیاری خۆیان پێشکەشدەکەن بۆئەوەی کە گۆڕانکاری تێدابکەن، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانیش یەک دەنگ دەبن بۆئەوەی گۆرانکاری تێدا بکەن، ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین  وەزیری دارایی زۆر هەوڵیداوە کە گۆرانکاری لە پرۆژەکەدا بکات، بەڵام بڕیار لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا تەنها بەدەست وەزیری دارایی نییە و ئەو بڕیار نادات، بڕیارەکان گشتین .

بەوتەى پەرلەمانتارانى کورد لەسەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەماندا پرۆژە یاسای بودجەی 2019 هەناردەی پەرلەمانکراوە دوای ئەوەی سەیریان کردوە کە ڕێژەی کورد بە 12.67% دانراوەو پەیوەست کراوە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە شەریکەی سۆمۆی عێراقی، بەشێکی زۆری ئەندام پەرلەمانە کوردەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە، هەوڵدرا کە پرۆژە یاسای بودجەی 2019 بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پلاندانانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، چونکە پەرلەمان ناتوانێت دەستکاری ڕێژەو زیادکردنی بودجە بکات.

لەو بارەیەوە لە نوسینێکدا بە ناونیشانى "عورفەکەی فوئاد حوسێن 12.67 % " لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک غالب محەمەد ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان رایگەیاندووە،"وامان دانا بوو کە وەزیرە کوردەکان بەتایبەت وەزیری دارایی کە بە وەکالەتیش وەزیری پلاندانانە، ئەم دوو وەزارەتە مەطبەغی نوسینەوەی پرۆژە یاسای بودجەیە، بتوانێت دەستکاری پشکی هەرێمی کوردستان بکات، لە 12.67 زیادی بکات بۆ 17% وەک ئەو عورفەی کە لە 2003 وە دانراوە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی پێشوو".

ئەوەشى خستۆتەڕوو، بە ناردنەوەی پرۆژە یاساکە بۆمان دەرکەوت وەزیری دارایی نەک 17% جێگیرکرد، بەڵکو وابڕوات 12.67 دەبێتە عورف ، لەهەموو یاساکانی بودجەی ساڵانی داهاتوو جێگیر دەکرێت ، کە ئەمەش زیانێکی گەورە دەدات لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان".
زیانمەندی یەکەم تێیدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە

ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت ، ئایا فواد حوسێن بە نەزانی ئەم کارەی کردووە ؟ یان پارتی دیموکراتی کوردستان بەو ڕێژەیە ڕازییە وەکو پشکی هەرێمی کوردستان ؟ بە بۆچونی بەندە پارتی رازییە لەپێناوی پاراستنی پشکەکانیان لەکۆمپانیا نەوتییەکان و تەسلیم نەکردنی 250.000هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی   هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەڕێگەی بۆریەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، کە بەگوێرەی قسەی ئەو پەرلەمانتارە زیانمەندی یەکەم تێیدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە".

لەکۆتاییشدا نوسیویەتى"دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان نایەوێت نەوتی خۆی تەسلیمی بەغداد بکات و بەغداش بەڕێژەیەکی کەم پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و کە ئەمەش بەزیانی هاوڵاتیانی کوردستان  دەشکێتەوە".
وەزیری دارایی هیچ رۆڵێکی نەبووە ئەگەر رۆڵی هەبوایە دەیتوانی فشاربکات 

ئەوەى جێگەى سەرنجە لە گۆڕانکارییەکانى پرۆژە یاساى بودجەى ٢٠١٩ ى عێراق، گۆڕانکارى گەورە لە بودجەى تایبەت بە هێزە سەربازییەکان ئەنجامدراوەو پەرلەمانتارێک دەڵێت گۆڕانکارى بودجەى هەرێم ناگاتە ئەو گۆڕانکارییەى لە بۆ لایەنى سەربازى دیاریی کراوە.

جوان ئیحسان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، وەزیری دارایی هیچ رۆڵێکی نەبووە ئەگەر رۆڵی هەبوایە دەیتوانی فشاربکات لەسەر ئەوەی هەموو بودجەی هەرێمی کوردستان ئەگەر گۆڕانکارییەکی تێدا کرابێت، ناگاتە ئەو گۆڕانکارییەى لەسەر بودجەی هەندێک لایەنی سەربازی لە عێراقدا کراوە.

جوان ئیحسان دەشڵێت، وەزیری دارایی لە ئێستاوە وەک پێویست نەیتوانیوە لەم قۆناغەدا، هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا بکات، ئێمە پێشتر بەو شێوەیە نەمان ناردووە کە ئاوا بۆمان بنێرێتەوە.

لەلایەکى دیکەوە بەپێى بەدواداچوونەکانى خەندان، د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق هەوڵەکانى دەستپێکردووە، بۆ ئەوەى لە پرۆژە یاساى بودجە مافەکانى کورد گۆڕانکارى تیادا ئەنجام بدرێت و لە بودجەى ٢٠١٩ ى عێراق مافى پێکهاتەى هەرێمى کوردستان بەتەواوى جێگیر بکرێت.

خەندان زانیویەتى کە دواى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى بودجە، سەرۆک کۆمارى عێراق نیگەران بووە و لە دواین دیدارى کە رۆژى 20/12/2018 ئەنجامیداوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران، د. بەرهەم داواى کردووە کە گۆڕانکارى لە پرۆژە یاساى بودجەدا بکرێت و مافەکانى کوردى تیادا جێگیر بکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP