راوێژکارێکى کۆمارییەکان بۆ خەندان: پێوستە ئەمریکا کورد بکاتە هاوپەیمانێکى نوێ
کشانەوەى هێزەکانمان هەڵەیەکى ستراتیژى و سەربازییە

- 12/19/2018 11:47:00 PM 12074 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

زەردەشت بابان ئەندامى کۆمارییەکان و راوێژکارى لە حکومەتەکەى دۆنالد ترەمپ لەمیانى چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان، باس لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەکات لە سوریاو رایدەگەیەنێت کشانەوەکە لەئێستادا هەڵەیەو ئەو هێزانە بەهێز دەکاتەوە کە دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکان لە سوریا، ئاماژە بەوەشدەکات وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا پاڵپشتى لە کورد دەکات بەڵام ئەوەى لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى تورکیایە وەزارەتى دەرەوەیە.

خەندان - کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

زەردەشت بابان : من پێشتر ئاگادار بووم و دەمزانى کە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا روودەدات، لام سەیرە کە لە کوردستان خەڵک توشى شۆک بووە، چونکە ئەمریکا بەرگرى لە کورد نەکردووە، بەڵکو ئەمریکا هاوبەشى کورد بووە لە شەڕى دژى داعش، کورد یەکێک بووە لە بەهێزەکانى ناوچەکە و ئەمریکا بە پاڵپشتى کورد توانیویەتى سەرکەوێت بەسەر داعشدا، بۆیە کورد هاوبەشى شەڕ بووە لەگەڵ ئەمریکا نەک هاوپەیمان، ئەمەش لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکادا دوو بابەتى زۆر زۆر جیاوازن، ئەمریکا و کورد دوو هاوبەشى کاتى و تایبەتمەند بوون بە ناوچەکەوە.

خەندان - ئەگەر ئەمریکا کشایەوە هەڕەشەکانى ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتى فورات ناچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە؟

بێگومان ئەمە زەمینە خۆشکەر ئەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەردۆغان لە سێ لایەنەوە ئەو هەرەشانە دەکات، یەکەمیان بەهۆى هەڵبژاردنەکانى ساڵى داهاتوو کە لە مانگى سێ لە تورکیا ئەنجام ئەدرێت و ئەیەوێت جارێکى تر هەستى نەتەوەیی خەڵک بجوڵێنێت تا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، خاڵێکى دیکە شاردنەوەى ئەو شکستە ئابوریەى تورکیایە کە ئێستا لە حاڵەتێکى زۆر خراپدایە، چونکە لە سیاسەتدا ئەوە هەیە کاتێک وڵاتێک تووشى کێشەیەک ببێت، دەیانەوێت لە دەرەوە بابەتێک دروست بکەن تاکو خەڵکى پێوە سەرقاڵ بکەن، هەروەها خاڵى سێیەمیش پاراستنى بەرژەوەندییەکانیەتى لە ناوچەکەدا.

خەندان - ئایا کورد توانیویەتى سود لە هاوبەشە ئەمریکییەکەى ببینێت لە شەڕى داعشدا؟

تەنها سەرکەوتنى سەربازى گرنگ نییە، بەڵکو سەرکەوتنى سیاسیش گرنگە، دەبوو کورد پێش ئەوەى کوڕو کچەکانى پێش سەربازانى ئەمریکا بخات بۆ رزگارکردنى ناوچەکە گرێبەستێکى سیاسى ئەنجامبدایە، بەڵام کورد ئەمەى نەکردوە، ئەوەش گەورەترین هەڵەى ستراتیژییە کە کورد بەدرێژایی مێژوى دوبارەى کردۆتەوە، کورد کێشەیەکى هەیە کە بەخەڵکى بێگانە سەرسام ئەبێت و هەر کەس ناوى جەیمس بێت و بڵێن لە ئەمریکا دادەنیشێت، یەکسەر پێى سەرسام دەبن و وادەزانن ئەوەى بیڵێت راستە، تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش ناوێکى بێگانەى پێوەبێت کورد سەرسام دەبێت پێى، کورد دەبوو گرێبەست لەگەڵ ئەمریکا بکات پێش شەڕى داعش، بۆ ئەوەى دواى شەڕى داعشیش ئەو هاوپەیمانێتییە بمێنێتەوە، دەبوو کورد زەمانەت وەربگرێت، ئایا ئێمە شوێنمان لە داهاتوى سوریا چى دەبێت؟ ئایا حوکمى زاتى وەردەگرین، یان سەربەخۆ دەبین؟ ئایا دەبینە بەشێک لە نووسینەوەى دەستورى سوریا؟ ئەمریکا زیاتر سەرنجى دەخاتە سەر رێککەوتننامەکانى جنێڤ و نەتەوە یەکگرتوەکانى (2242) کە لەو رێککەوتننامەیەدا بەهیچ شێوەیەک باسى کورد نەکراوە، لەهەردوو رێککەوتننامەى (2242) و (2254) باسى هەق و مافەکانى کورد لە سوریا نەکراوە، کەواتە دەبوو سیاسەتمەدارانى کورد لە سوریا ئەوەیان لەبەرچاو بگرتایەو پێشرەوى ئەمریکا نەبوونایە لە شەرى داعش.

خەندان - ئایا تورکیا و ئەمریکا ڕێککەوتنى هاوبەشیان لەنێواندا هەیە؟

کاتى خۆى کە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا تیلەرسن بوو لەگەڵ ئەردۆگان گروپێکیان دروستکرد بەناوى گروپى کارکردنى ئەمریکا و تورک کە بەردەوام کاردەکات بۆ بەرژەوەندییەکانى هەردوو وڵات، ئەم گروپە بوو بڕیاری کشانەوەیدا لە عەفرین، هەر دواى دروستبوونى ئەم گروپە دەبوو کورد چاوى بە ستراتیژ و پلانەکانى خۆیدا بخشاندایەتەوە، چونکە ئەم گروپە لە بەرژەوەندى کورد نەبوو بەهیچ شێوەیەک، بەداخەوە چەندین جار باسمان کردووە، بەڵام سیاسییەکانى کوردستان کارى لەسەر ناکەن.

خەندان - ئایا کشانەوەى ئەمریکا نابێتە هۆى سەرهەڵدانەوەى داعش و بەهێزبوونەوەى رژێمەکەى بەشار ئەسەد، ئەمریکا پێویستى بە هاوپەیمانى نوێ نییە؟

وەک ئەندامێکى کۆمارییەکان و راوێژکارى ئیدارەى سەرۆک ترەمپ، من پێموایە ئەگەر بمانەوێت ناوچەکە سەقامگیر بێت پێویستمان بە مانەوەى هێزێکى گەورەى ئەمریکایە، پێویستمان بە ستراتیژێکى باشتر هەیە لەوەى ئێستاى ئەمریکا، وە پێویستمان بە خەرجکردنى پارەیەکى زیاتر هەیە بۆ سەقامگیرى لە ناوچەکەدا، پێویستمان بەوە هەیە جارێکى تر هاوپەیمانى نوێ بدۆزینەوە لە ناوچەکە، وە من کوردم کاندید کردووە بۆ ئەوەى ببێتە هاوپەیمانێکى نوێ لە ناوچەکەدا، چونکە بەپێى ئەو بەڵگانەى لە پنتاگۆن و وەزارەتى دەرەوە هەیە، کورد هاوپەیمانێکى باشى ئەمریکا دەبێت، وە من پێموایە بەبێ کوردەکانى رۆژئاوا نەماندەتوانى سەرکەوتن بەدەستبهێنین لە سوریا، وە لەکەوتنى سەدامیشدا بەهەمان شێواز لەکۆبوونەوەکاندا باسى گرنگى کوردم کردووە، بەڵام دووفاقى ئەمریکا لێرەدا دروست دەبێت کە هەموو کاتێک لەگەڵ بۆچونەکانماندان، بەڵام کە دێتە سەر رێککەوتن ئەمریکا پابەند نابێت بە کەیسەکانى کوردەوە، بۆ نموونە وەزارەتى بەرگرى هەموو کاتێک بەرگرى لە مافەکانى کورد دەکات بەتایبەت کوردەکانى رۆژئاوا، زۆر بەباشى سەیرى کەیسى کورد ئەکەن، بەڵام وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هەندێک کەسى کۆنى تێدایە کە کارمەندن و لەوێ ئەمیننەوەو لەگەڵ گۆڕینى سەرۆکەکان ناگۆڕدرێن، ئەم کەسانە دەبنە بەربەست لەبەردەم سیاسەتى دەرەوەدا، نەک تەنها لە کێشەى کورد بەڵکو لەسەر ئاستى جیهان ئەمانە کێشەن و زیاتر بەرژەوەندییەکانیان لە تورکیاوە نزیکە، بۆیە بەکشانەوەى ئەمریکا لە ناوچەکە ئێران و بەشار ئەسەد و روسیا بەهێزئەبنەوە لە سوریا، وە من پێموایە کە تورکیا دۆستى ئەمریکا نییە و کێشەى خستۆتە بەردەم بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە، زۆر کەس ئەوانەى سیاسەتەکانى دەرەوەى ئەمریکا دادەڕێژن بوونەتە دوژمنى سعودیە بەهۆى رووداوەکەى ئەمدواییەوە، کە ئەمەش لەبەرژەوەندى ئەمریکادا نییە، کشانەوەى ئەمریکا دەبێتە هۆى بەهێزبوونى ئەو هێزانەى دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکان، بۆیە لەمڕۆدا کشانەوەى ئەمریکا هەڵەیەکى سەربازى و ستراتیژییە.

ئایا مەترسییەکانى ئیسرائیل لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟

بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەراست سێ خاڵە ، یەکەمیان بەردەوامبوونى پرۆسەى ئاشتى و سەقامگیرییە لە سوریا و عێراق، دووەم لەناوبردنى داعش بەشێوەیەکى هەمیشەیی، سێیەم جێگیربوونى ناوچەکە بەشێوەیەکى گشتى، بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیلیش پەیوەستە بە سنوورەکەیەوە لەگەڵ سوریادا، کە خۆى لە دورخستنەوەى ئەو گروپانەدا دەبینێتەوە کە لە ئێرانەوە نزیکن بە دوورى ٢٥ کیلۆمەتر کەبەهاوکاریی روسەکان توانیویەتى ئەوە بەدیبھێنێت، پابەندبوون بەڕێککەوتنى نێوان هەردوو وڵاتى سوریا و ئیسرائیل لەسەر بەرزاییەکانى جۆلان، وە رێککەوتنى ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە کە هیچ هێزێکى بێگانە لە سوریادا نەمێنێت، وە چەکى قورس لەلایەن روسیاوە بە بەشار ئەسەد نەفرۆشرێت، وە بەرژەوەندى ئیسرائیل لەوەدایە هێزێکى زیاترى ئەمریکى لە سوریا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە لەبەرژەوەندى ئەمریکا نییە، هەرچەندە هێز لە سوریا ئەمێنێتەوە بەلام هێزێکى گەورە نابێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP