"بانێک و دوو هەوا"کانی ئەمەریکا؛ ناجێگریی سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر بەئەردۆغان

- 12/19/2018 9:14:00 PM 14339 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە هەژموونی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت بەرامبەر بە کوردەکانی سوریا بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەندێکجاریش بەتەواوی ئاوەژوو بوەتەوە.

"بانێک و دوو هەوا"ی یەکەم؛ هەڕەشەکانی ئەمەریکا لە  تورکیا لە ئەگەری لەشکرکێشی بۆ سەر عەفرین و چاوپۆشیلێکردنی:

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا حکومەتی تورکیا بە بیانوی شەڕی تیرۆر، هەرەشەی هێرشکردنە سەر کانتۆنی عەفرینی کرد، هەرزوو پنتاگۆن و کۆشکی سپی وەڵامی هەرەشەکانی تورکیایاندایەوە، بەوەی کوردەکانی سوریا لە شەری دژی داعشدا هاوپەیمانی ئەمریکا بوون و هێرشکردنە سەر شەڕڤانانی یەپەگە پێشێلکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە.

لە ناوەراستی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەستپێکرد و بە پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەکانیی و بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی سەرئەنجام، دوای 58 رۆژ لە بەرخۆدان و بەرگری سەختی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە دژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا 18ی مانگی (ئازار/3)ی رابردوو لەكانتۆنی عەفرین كشانەوە، ئەوەش بۆ رێگە گرتن لە بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی كە توركیا بە سەختی دەستیپێكردبوو.

بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی توركیاوە بۆسەر عەفرین زیاتر لە 500 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی دیكەش برینداربوون، تا ئێستاش دیارنییە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا كەی لە كانتۆنەكە دەچنە دەرەوە، هاوکات بەهۆی بۆردومانی سوپای توركیاوە لە عەفرین، نزیكەی 10 هەزار كەس لە ماڵەكانیان هەڵهاتن و ئاوارەبوون.

"بانێک و دوو هەوا"ی دووەم؛ دووبارەبوونەوەی هەندێک لە سیناریۆکانی عەفرین لە مەنبەج:

دوای کەمتر لە دوو مانگ لە لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین و بریندارکردنی زیاتر لە ٥٠٠ کەس و بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ئاڤرین و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو شارە، تورکیا هۆشداری جێگیرکردنی هێزەکانی خۆیدا لە مەنبەج کە لەلایەن هێزە کوردییەکان و بەهاوپەیمانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچوو، ئەمریکا هاوشێوەی راگەیەندراوەکانی پێشوی "بەرپەرچدانەوە"ی ئەو هەوڵەی تورکیای راگەیاند.

سەرەنجام ئەو هەرەشەیەی پنتاگۆن و ئیدارەکەی ترەمپ" بانێک و دوو هەوا"یەکی دیکە دەرچوو؛ رێکەوتی ٥ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تورکیا و ئەمەریکا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی نەخشەرێگایەکی هاوبەشیان سەبارەت بە مەنبەج.

دوای رێککەوتن و پێکهێنانی نەخشەرێگای هاوبەشی تورکیا و ئەمەریکا، لە کاری پێکەوەیی لە هەماهەنگییە سەربازییەکانیان لە شاری مەنبەج، یەکینەکانی پاراستنی گەل کشانەوەی "راوێژکارە سەربازییەکانی " خۆی لەو شارە راگەیاند، ئەوەش بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.

دوو رۆژ دوای ئەو رێککەوتنەی تورکیا-ئەمەریکا، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، گەرەنتی نوسراویان لەلایەن ئەمەریکاوە وەرگرتووە بۆ پاراستنی مەنبەج لە هێزی دەرەکی.


"بانێک و دوو هەوا"ی سێهەم؛ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات و کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە سوریا

رێکەوتی ١٢ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆن سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکەن، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە.