یەکێتى سورە لەسەر کاندیدکردنى خالید شوانى بۆ وەزارەتى داد

- 12/17/2018 4:43:00 PM 5928 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە سبەى پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە، ئەندامێکى فراکسیۆنى یەکێتى رایدەگەیەنێت، یەکێتى سورە لەسەر کاندیدکردنى خالید شوانى بۆ پۆستى وەزارەتى داد.

بڕیارە سبەى جارێکى تر پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە،  د. تەها حەمەئەمین ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە خەندان-ى راگەیاند: "هێشتا بەرنامەى کارى دانیشتنەکەى رۆژى سێشەممەى پەرلەمانى عێراق نەگەشتۆتە دەستمان، بەڵام بەپێى ئەو گفتوگۆیانەى لەنێوان پەرلەمانتاران باسدەکرێت، بابەتى تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەى عادل عەبدولمەهدى، و هەڵبژاردنى سەرۆکى لیژنەکان لەبەرنامەى کارى دانیشتنەکە دەبن.

لەبارەى دواین هەڵوێستى یەکێتى لەسەر پۆستى وەزارەتى داد کە بەپشکى خۆى دەزانێت، ئەو پەرلەمانتارەى عێراق رایگەیاند: ئێمە سورین لەسەر کاندیدکردنى خالید شوانى بۆ وەزارەتى داد، ئەوە دواین هەڵوێستى فراکسیۆنى یەکێتییە و لە مەکتەبى سیاسى یەکێتییەوە هیچ بڕیارێک لەسەر پاشەکشەکردنى کاندیدەکەمان نەدراوە"

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى ئەوەى سەرجەم بڕیارەکانى پێشووى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق هەڵوەشێنراوەتەوەو فالح فەیاز سەرجەم پۆستەکانى خۆى وەرگرتۆتەوە، بۆیە دەنگۆیەک هەیە کە گۆڕانکارى لە کاندیدى وەزارەتى ناوخۆ کراوەو کەسێکى تر دەخرێتە شوێنى فالح فەیاز.

لەلایەکى دیکەوە، میران محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى نوێنه‌رانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى ڕاگه‌یاند، گه‌ر گۆڕانكارى له‌ ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ پۆسته‌ وزارییه‌كان پێشنیاركراوه‌ نه‌كرێت، ئه‌وه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێش ناتوانرێت ته‌واوكارى حكومه‌ت بكرێت.

وتیشى، پێویسته‌ كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى گۆڕانكارى تێدا بكرێت تا بتوانرێت له‌یه‌كه‌م دانیشتنى په‌ڕله‌مان كۆتایى به‌ بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت بهێنرێت و په‌ڕله‌مان بچێته‌ قۆناغێكى دیكه‌ى كاركردنه‌وه‌.

دواین چەندین کۆبوونەوە پەرلەمانى عێراق نەیتوانى دەنگ لەسەر تەواوکردنى ئەو هەشت پۆستە وەزارییە بدات کە لەکابینەکەى عادل عەبدلومەهدى بە بەتاڵى ماونەتەوە، هەریەک لە سەرۆک کۆمارى عێراق و سەرۆکى پەرلەمان لەچەند رۆژى رابردوودا جموجۆڵەکانیان دەستپێکردووە لەپێناو چارەسەکردنى کێشەى نێوان لایەنە سیاسییەکان و دەربازکردنى حکومەت لەو دۆخەى تێیکەوتووە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP