بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر ژن و پیاوێك دەستگیردەكرێن

- 12/17/2018 4:07:00 PM 1564 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان-

بەڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی شۆڕش-ی سەر بە بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ ژن و پیاوێك بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر دەستگیركراون.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ خه‌ندان- نێردراوه‌ پۆلیسى سلێمانى ده‌ڵێت، ڕۆژی 15ی 12ی 2018 ، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی شۆڕش ئاگاداركراونه‌ته‌وە لەبوونی ژنێكی بێ هۆش لەنزیك مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ بەناوی (ه، ف، ج) لەدایكبووی (1983) بەڕەگەز عەرەب، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس ژنەكە ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوه‌.

پۆلیس ده‌شڵێت، دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوتووه‌ ماددەی هۆشبەری لەجۆری (ئەمیڤیتامین)ی بەكارهێناوە، بۆیە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 14لە یاسای هۆشبەر دەستگیركرا.

پۆلیس ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەستیان پێكردووه‌ و وتەی تۆمەتباری ناوبراو وەرگیراوه‌ توانرا، (ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌) تۆمەتبارێكی تر لە ڕەگەزی نێر بەناوی (ش، م، ع) لەدایكبووی 1982 كە كوردە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر دەستگیربكرێت، لەئێستاشدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی شۆڕشەوە پەڕاوی لێكۆلینەوە بۆ هەردوو تۆمەتبار كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP