"نازانین لە پشتی پەردەوە لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا چی روودەدات"
ساڵح موسلیم: هەڕەشەکانى ئەردۆغان راگەیاندنى شەڕە لە دژی هەموو کورد

- 12/17/2018 3:47:00 PM 7421 جار خوێندراوەتەوە
ساڵح موسلیم

خەندان-

بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکرات (تەڤدەم) رایگەیاند، هەڕەشەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا "راگەیاندنى شەڕە لە دژی هەموو کوردان"، دەشڵێت، "نازانین لە پشتی پەردەوە لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا چی روودەدات".

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکرات (تەڤدەم) بە ئاژانسی فورات نیوز-ی رایگەیاندووە، "ئەردۆغان لە دواى ئەوەى لە تورکیا هەموو پلە و پۆستەکانى خستە دەستى خۆی، دەستیکرد بە جێبەجێکردنى پلانەکەى، لەگەڵ مەهەپە، ئەرگەنەکۆن، حیزبوڵا و هەموو تۆمەتبارانی دیکەی شەڕی ساڵەکانى 1990 کان بووە هاوپەیمان'.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە بڕوای ئێمە تورکیا رێکخستنى ئیتحاد و تەرەقیی سەرەتاى سەدەی 20ی سەرلەنوێ خستووەتەوە کار، لەو کاتەدا ئەرمەنی و سوریانییەکان سڕێندرانەوە و رۆمییەکانیش لە ئەنادۆڵ دەرکران، تەنها کورد مایەوە، ئێستاش دەیانەوێت بە ئیتحاد و تەرەقیى نوێ کورد بسڕنەوە، شەڕەکانیان لە باشوور، باکوور و رۆژئاوا لە پێناو ئەو سیاسەتەدا بەڕێودەبەن".

موسلیم راشیگەیاند، "کورد مەترسییەکى گەورەى لە بەردەمدایە، بەڵام تەنها ئەو مەترسییە بە کوردەوە سنووردار نابێت، بەڵکو مەترسییەکى گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلان، بۆ نمونە، ئێستا لە ئیدلب چی دەکەن؟ لەوێ زوڵم لە گەلی عەرەب دەکەن، لە هەندێک ناوچەى دیکە زوڵم لە پێکهاتە و لایەنى دیکە دەکەن".

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات موسلیم وتی، "ئێمە نازانین لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە پشتی پەردەوە چی روودەدات، بەڵام گەلانى هەرێمەکە جگە لە هێزى خۆیان بە هیچ کەس و هێزێکى دیکە پشتیان گەرم نەکردووە".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەى لە عەفرین بەسەر ئێمەدا بارێنرا بۆمبەکانى ناتۆ بوون، 60 رۆژ جیهان خۆیان کەڕ کردبوو".

"ئەمریکا نە دەوێت ئێمە لە دەست بدات و نەدەیەوێت تورکیاش لە دەست بدات"

بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە باسی لەوەشکردووە، ئەمەریکا نایەوێت کوردان و تورکیاش لە دەست بدات، بەڵام مەرج نییە ئەوەش بۆ بە ئاکەپە بکرێت.

موسلیم رونیشیکردەوە، "تورکیا ئەندامی ناتۆیە و لەگەڵ ئەمریکادایە، ئەمریکا دەیەوێت ئێمە و ئەوان لە دەست نەدات، ئەردۆغان و گروپەکەى هەر سوود لەوە دەبینین و ئەوە بۆ خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ ئێمە کێشە نییە دەتوانێت پەیوەندیى لەگەڵ ئێمە هەبێت و پەیوەندیشى لەگەڵ تورکیا هەبێت".

"ئێمە دەڵێین، با پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ ئەوان بۆ دژایەتیکردنى ئێمە نەبێت و زیان بە ئێمە نەگەیەنێت، بەڵام تورکیا دەڵێت یان من، یان ئەوان"، ساڵح موسلیم وایوت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP