ئەردۆغان: لەناکاو هێرشدەکەینە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات

- 12/17/2018 3:22:00 PM 3518 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە هێرشبکەنە سەر رۆژهەڵاتی فورات و "لەناکاو هێرشەکە ئەنجامدەدەین".

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی وتارێکدا لە کۆنیای تورکیا رایگەیاندووە، "لەگەل ترەمپ گفتوگۆمان کرد، پێویستە ئەو تیرۆریستانە لە رۆژھەڵاتی فورات بڕۆن، ئەگەر نەڕۆن ئەوکات ئێمە دەریان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدرێژایی نزیکەی 500 کیلۆمەتر هێڵی سنوورییمان لەگەڵ رۆژهەڵاتی فورات هەیە، دەتوانین لە هەرکاتێکدا بێت هێرشەکانمان ئەنجامبدەین، بە شێوەیەک کە هەرگیز زیان بە سەربازە ئەمریکییەکان نەگەیەنێت".

ئەردۆغان تەئکیدیکردەوە، "هەموو ساتێک دەتوانین دەست بکەین بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە خاکی سووریادا بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پلانەکانماندا".

ئەو لێدوانەی ئەرۆدغان لەکاتێکدایە پێشتر کۆشکی سپی روونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی شەممەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو، هەردوو سەرۆک باسیان لەو بابەتانە کردووە کە پەیوەندیان بە هەردوولایانەوە هەیە لە سوریا.

پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات تەواوبووە و  لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکەن، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە.

بەڵام دوای ئەو لێدوانانەی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەڵامی هەڕەشەکانی دایەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا و رایگەیاند، "هەر کردارێکی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە".

شان ڕۆبەرتسن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، "هەر کردارێکی سەربازی تاکلایەنە لە لایەن هەر چ لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی کە ڕەنگە سەربازانی ئەمەریکایی لێبن یان لەو نزیکانە بن، جێی نیگەرانی زۆرە، بۆیە هەر کردارێکی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە".

هاوکات دوێنێ یەکشەممە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی هەڕەشە ئامێزیان ئاڕاستەی ئەو گروپانە کردووە کە لە ژێر ناوی "سوپای سووریای ئازاد و ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرانی سووریا" لە سوریادا چالاکی سەربازی ئەنجامدەدەن و رایگەیاندووە، بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات نەکەن.

لە پەیامەکەی واشنتۆندا بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هاتووە، "بەشداری سوپای سووریای ئازاد یان ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرانی سووریا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە مانای رووبەڕبوونەوەی ئەمەریکا یان ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە شێوەیەکی راستەوخۆ دێت".

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP