کۆبوونەوەی لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکات
عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی لە گفتوگۆی بەردەوامداین

- 12/17/2018 1:35:00 PM 1780 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، لە  دوو رۆژی ئاینەدەدا گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات، و ئه‌وه‌ی تا ئێستا هەبووه‌ كۆبونه‌وه‌ی سیاسی بووه‌ نه‌ك دانوستان.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ره‌تا گفتوگۆی به‌رنامه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ین، دیدی خۆمان بۆ سیسته‌می حوكم له‌ چوارچێوه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستوردا وه‌ دواتر بۆ دۆسیه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و دۆسیه‌ی نه‌وت و به‌ دامه‌زراوه‌یكردن و چاكسازی له‌ خه‌رجی و داهات و موچه‌ و بژێوی خه‌ڵك دەخەینەڕوو". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سه‌ره‌تا گفتوگۆی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام ئەوکات گفتوگۆ له‌سه‌ر پۆست و به‌ركه‌وته‌كان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام گفتوگۆ له‌سه‌ر پۆست و به‌ركه‌وته‌كان ناكرێت.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح راشیگەیاند، "ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ و پۆسته‌كان رێكکه‌وتین كۆی پاكێجه‌كه‌ ده‌برێته‌ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و  له‌وێ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ده‌درێت".

لەبارەی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح وتی، "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ گفتوگۆ و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت".

پێشتر سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵ رایگەیاندبوو، "كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ی زانیوه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی ئاینده‌دا به‌شداری پێ ناكرێت، بۆیه‌ ناكرێت پاش ئاشكراكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن پارتی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جه‌وله‌ی دووه‌می دانوستانه‌كان ناگونجێت هێشتا چاوه‌ڕوانی چونه‌ حكومه‌ت بی!".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP