فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر ناوچه‌كانی گارە و خواكورك

- 12/17/2018 10:44:00 AM 2172 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا بڵاویکردەوە، دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیانکردووەتە سەر ناوچه‌كانی گارە و خواكورك.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر ناوچه‌كانی گارە و خواكورك و بەهۆیەوە ژمارەیەک گەریلای پەکەکە کوژراون".

شەوی 13ی ئەم مانگەش، فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، کامپی شەهید رۆستەم و چیای قەرەچوغیان لە مەخموور بۆردومان کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کە سەرجەمیان لە رەگەزی مێن و سیانیان ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستدا.

دوای ئەو هێرشانەش حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "تا بارەگاكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراقدا هەبن، ئەو هێرشانەی وڵاتەكەی بەردەوام دەبن".

دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی ساڵی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكه.

دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ دوای‌ كوژرانی‌ دوو پۆلیسی‌ توركیا هات لە پارێزگای‌ ئورفە كە پەكەكە بەرپرسیارێتی‌ خۆی‌ لە كوژرانیان راگەیاند لە تۆڵەی‌ تەقینەوەكەی‌ ناوچەی‌ سروچی‌ سەر سنوور كە گردبوونەوەیەكی‌ كوردەكانی‌ كردبووە ئامانج و بەهۆیەوە 32 كەس گیانیان لەدەستدا.

دوای‌ دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازی‌ لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ باكووری‌ كوردستان دەستپێكرد و تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.

لەوەتەی شەڕی PKK لەگەڵ توركیا، لە ساڵی 1984ەوە دەستیپێكردووە، تائێستا زیاتر لە 40 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP