قایمقامی مه‌خموور: ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئاسمانی عێراق وەک پێویست کارەکانیان جێبەجێ ناکەن

- 12/17/2018 9:36:00 AM 1488 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامی مه‌خمور رایگەیاند، ئاسمانی عیراق ئاسمانێکی کراوەیە، و ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئاسمانی عیراق وەک پێویست کارەکانیان ناکەن.

ڕزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور لەبارەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر کامپی مەخموور بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئەو ڕووداوە تەنها یەکجار بووە کە لەلایەن دوو فڕۆکەوە بۆردومانەکە کراوە و بەشی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکەی گرتووەتەوە، ئەگەر ناوەوەی کەمپەکەی بگرتایەوە ئەوە قوربانیەکان زیاتر دەبوون و كاره‌ساته‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوون چونکە ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە 12 هەزار کەسە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاسمانی عێراق لەوانەیە ئاسمانێکی کراوە بێت، ئەو هێزانەی بەرپرسن لەپاراستنی ئاسمانی عیراق وەک پێویست کارەکانیان ناکەن، نەدەبوو ئەوەی یەکەمجار ڕوبدات، وە ناشزانین جاری دووەم و سێیەمی بەدوادا دێت یاخود نا؟."

شەوی 13ی ئەم مانگە،  فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، کامپی شەهید رۆستەم و چیای قەرەچوغیان لە مەخموور بۆردومان کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کە سەرجەمیان لە رەگەزی مێن و سیانیان ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستدا.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی بۆردومانەکەی کرد و بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقی ناوبرد هاوکات بانگهێشتی فاتیح، یەڵدز، باڵۆزی تورکیا لە عێراقی کردە روونکردنەوە لەبارەی هێرشەکەوە بدات.

بەڵام حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، "تا بارەگاكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراقدا هەبن، ئەو هێرشانەی وڵاتەكەی بەردەوام دەبن".

حامی ئاكسۆی هەروەها وتیشی، "پەكەكە ساڵانێكی دوردێژە خاكی عێراق وەك بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاردەهێنێت، هەنگاو و چالاكییەكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق و سوریادا بووىتە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت، "چەندینجار عێراقیان ئاگادار كردووەتەوە كە بە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە چالاكییەكانی پەكەكە هەڵبسێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP