بەپەلە

تورکیا: رێگە بە دروستکردنی ھیچ پێکھاتەیەکی ھاوشێوەی دەوڵەت لە سوریا نادەین

- 12/17/2018 9:10:00 AM 1767 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند، چاوپۆشی لە پێکھێنانی پێکھاتەیەکی ھاوشێوەی دەوڵەت یان دەوڵەتی بچووک لە لایەن پەکەکە یان درێژکراوەکەی لە سووریا ناکەین.

ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "چاوپۆشی لە پێکھێنانی پێکھاتەیەکی ھاوشێوەی دەوڵەت یان دەوڵەتی بچووک لە لایەن پەکەکە یان درێژکراوەکەی لە سووریا ناکەین، ئەمە ھەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات".

راشیگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی سنوورەکانمان گشت رێوشوێنێک دەگرینەبەر، ئەمە نەک تەنھا لەبەر بەرژەوەندی خۆمان، لە ھەمان کاتیشدا بۆ یەکچارچەیی خاکی سووریایە".

کاڵن جەختی لەوەکردەوە، "ئەممریکا بە سێ ھۆکار لە سووریایە و یەکەمیان بەرەنگاربوونەوەی داعشە، دووەمیان سەقامگیری و دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاک، سێیەمیشیان کە ئێستا بە ئاشکرایی باسی لێوە دەکەن، دەرکردنی ھێزەکانی ئێرانە لە سووریا". 

رونیشیکردەوە، "لە دوو ئامانجی یەکەم تێدەگەم، ھەوڵی تێگەیشتن دەدەم، بەڵام بۆ ئامانجی سێیەم پێویستان بە چانس ھەیە، نازانم ھێزەکانی ئێران چۆن لە سووریا دەردەکەن و تێناگەم چۆن ئەمە وەک ئامانجێک لێکدەدەنەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP