ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای كوردستانە

- 12/17/2018 8:35:00 AM 1846 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دووشەممە لە باشوری كوردستان رۆژی ئاڵای کوردستانە و چەندین مەراسیمی تایبەت بە رۆژی ئاڵای كوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئاڵای کوردستان لەلایەن پارێزگاری شارەکەوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵدەکرێت، هەروەها ئاڵای کوردستان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم هەڵدەکرێت.

هاوکات به‌شى خوێندنى كوردى له‌ شارى كه‌ركوك، بڕیاریداوە ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، له‌ خوێندنگه‌ كوردییه‌كانى شاره‌كه‌ ڕێوڕه‌سمى هەڵکردنى ئاڵاى كوردستان ئه‌نجامبدات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  ئیداره‌ى شاره‌كه‌ به‌مه‌رج ڕه‌زامه‌ندى نیشانداوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌شى خوێندنى كوردى له‌ كه‌ركوك به‌ خه‌ندان-ى راگەیاند، "به‌ڕێوه‌به‌رێتى به‌شى خوێندنى كوردى سه‌ره‌تا پلانى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ له‌ خوێندنگه‌ى بلێسه‌ى بنه‌ره‌تى له‌ گه‌ڕه‌كى ئیمام قاسم-ى شارى كه‌ركوك له‌  ڕۆژى ئاڵادا، ڕێوڕه‌سمێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى كوردستان به‌ڕێوه‌ببات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پاش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌كان قسه‌كراوه‌، زۆرینه‌یان كه‌ زیاتر له‌ 60 خوێندنگه‌ ده‌بن  بڕیاڕیانداوه‌، سبه‌ینێ ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵكردنى ئاڵا ئه‌نجامبده‌ن و زۆرینه‌ى خوێندنگه‌كانیش بنه‌ڕه‌تین، ئه‌وه‌ش بڕیارێكى گشتییه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ له‌ ڕۆژى ئاڵادا چالاكى ئه‌نجامبده‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ى خه‌ندان- ئه‌وه‌شى وت، "له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كاندا ڕه‌چاوى دۆخى ئه‌منى ده‌كه‌ین، تا ئاڵۆزى دروست نه‌بێت و سه‌رجه‌م ڕێوڕه‌سمه‌كان له‌ ناوه‌وى خوێندنگه‌كان ئه‌نجامده‌درێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى شاره‌كه‌ كراوه‌، ئه‌وانیش به‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى ته‌نها له‌ ناو بیناى خوێندنگه‌كان و له‌ ماوه‌یه‌كى كاتیدا ئه‌نجامبدرێت، ڕه‌زامه‌ندییان نیشانداوه‌".
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP