ئه‌و رابه‌ره‌ى به‌ نه‌خۆشکه‌وتنى وڵاتێک نه‌خۆشکه‌وت

- 12/17/2018 7:44:00 AM 9227 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمڕۆ 17/12/2018 شەش ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر نەخۆشکەوتنى چەترى کۆکەرەوەى عێراقییەکان و ئەو سەرۆک کۆمارەى هیچ هێزێکى سیاسى نەبوو لە راستەوە بۆ چەپ لە عەلمانییەوە تا ئیسلامى ناڕازیی بن لەبەرامبەر بەڕێوەبردنى وڵات.

مام جەلال تاڵەبانى سەرۆک کۆمارى پێشووى عێراق، رۆژى 17/12/2012 لەناکاو هەواڵى نەخۆشکەوتنى تەواوى میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانى گرتەوەو شڵەژانى گەورەى لە کۆشکى سەلام لێکەوتەوە.

مام جەلال کوڕ‌ی شێخ حسامەدین کوڕ‌ی شێخ نوری کوڕ‌ی شێخ غەفوورە، ھاوینی ساڵی 1933 لە گوندی ( کەلکان ) ی قەتپاڵی چیای کۆسرەت لە دایکبووە، کە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوکان، چەند ساڵێکى تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوکی بووە بەرێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، لەوێ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەرکەوتوویی خوێندنی تەواو کردووە.

مام جەلال بە یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسییە دەگمەنانە دادەنرێت کە هەر لەسەرەتاى لاوێتییەوە توانیویەتى تێکەڵى کارى رێکخراوەیی و سیاسیی ببێت و تا ساتەوەختى نەخۆشکەوتنى بێوچان لە هەوڵى بەدەستهێنانى مافەکانى نەتەوەکەیدا بووە.

مام جەلال لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ چەند ھاوڕ‌ێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری یەکێک لە مامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نھێنی دامەزراند بە ناوی ( کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ) ( k.p.x ) و مام جەلال بە سکرتێری ھەڵبژاردرا، ئامانجێکی کۆمەڵەکە ھاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی، لە ھەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە 16/ ی ئابی 1946 کەوتە ژێر کاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکی خوێندکارانە، دوای چوونە ناوکاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نھێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی ( ئاگر ) دا بۆ بڵاو دەکردەوە.

ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد و چالاک و لێھاتوو بوو لەو ئەرک و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران، ساڵی 1948 ھەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ ھەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی، تاڵەبانی بەنوێنەری خوێندکارانی کۆیە ھەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عیراقدا کرد کە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.

ژیانى سیاسى تاڵەبانى بەردەوامى هەبوو تا لە ساڵی 1949 تاڵەبانی لەحزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە، لە شوباتی 1951 دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، بەڵام پلەکەی خۆی بە ھەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە کۆنگرەدا کردبوو.

مام جه‌لال دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌رکه‌وتوویی قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واوکرد و به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ شاری کۆیه‌ ئاماده‌یی نه‌بووه‌، رووی کردۆته‌ شاری هه‌ولێر. له‌وێش هه‌ردوو قۆناغی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌سه‌رکه‌وتوویی ته‌واوکردووه‌. به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌وام سه‌رقاڵ بوونی به‌ کار و چالاکیی سیاسییه‌وه‌ ده‌ستگیرکراوه‌ و له‌گه‌ڵ حه‌وت سه‌رکرده‌ی تری پارتییدا بۆ شاری موسڵ دوورخراونه‌ته‌وه‌- نه‌فی کراون.
مام ده‌ڵێت نه‌فیه‌که‌مان سێ مانگ بوو به‌ ڵام دوای سه‌ردانم بۆ لای سه‌عید قه‌زاز که‌ ئه‌وکات پارێزگاری موسڵ بوو، حوکمه‌که‌مان ته‌واو نه‌کردو گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆکۆیه‌ . دواتر قۆناغی ئاماده‌یی –به‌شی زانستیی له‌که‌رکوک خوێندنه‌وه‌ و نمره‌ی کۆلێژی پزیشکیی هێناوه‌ که‌ ئاواتی زۆربه‌ی قوتابیان و خانه‌واده‌کانیانه‌ به‌ڵام به‌ هۆی به‌شدارییی سیاسی و ده‌ستگیرکردنییه‌وه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌کان  ڕێگایان پێ نه‌داوه‌ هه‌ربۆیه‌ به‌ ناچاریی چۆته‌کۆلێژی ماف له‌ به‌غداد.


بەهۆى زیرەکى و لێهاتووییەوە، تاڵەبانى لە ساڵی 1952 چووە کۆلیژی ماف ( حقوق ) لەبەغداد، لە کانوونی دووەمی 1953دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لەو کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردرا و لە ھەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان )، ھەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نھێنێ و ئاشکراکانی عیراق.

ساڵی 1954 بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا، ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عیراقی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیھانی لە وارشۆ بەشدارییکرد و لەوێوە سەردانی یەکێتی شوورەوی ئەوسا و چینی کرد، ساڵی 1956 کەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبھێڵێت.

لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕ‌شی 14/ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد و بە ھاوکاری ھەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە کاروباری مەکتەبی سیاسی و دەرکردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا کرد، ھەروەھا ئەرکی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت کە لە نێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبوو، وەک پێویستییەکی بوونی حزبێکی پێشڕ‌ەوی کوردستانی و رێکخراوە پێشەییەکان بەرھەڵستکاری کردنی ئەو ھەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی، ساڵی 1959 جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئە فسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، ھەروەھا بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی ( پیرۆت ) ەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە خولێکی ھۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە، ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( کوردستان )و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە مەلا مستەفا، کرد.

لە ئەیلولی 1961 دا کە شۆڕ‌ش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، لە نەورۆزی 1962 دا، سەرکردایەتی ئەو ھێڕ‌شە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.

ساڵی 1963 و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بەسەرۆکی وەفدی کوردی دەستنیشانکرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تازەدا کە لەسەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوای کورد نیشاندا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسر و جەزائیری کردو چاوی بەعەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکراکردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.

ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە کوردستان و ئەرکی خۆی لە فەرماندەیی کردنی ھێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ، ساڵی 1967 بەشداری لە کۆڕ‌ی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

ساڵی 1970رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو، ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عیراقی کرد و ماوەیەک لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی کورد کە لە ئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی ھەر لەو ناوچانەدا مایەوە.


لە 1/ 6/ 1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند، و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا کە لە 1١ / ی حوزەیرانی 1976راگەیەنرا، و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی، بەوەش قۆناغى دووەمى ژیانى سیاسى تاڵەبانى دەستى پێکردو توانى پێشڕەوى هێزە سیاسییەکانى ترى هەرێمى کوردستان بکات و کاریگەرى گەورەى هەبوو لە رووداوەکانى باشوورى کوردستان.

دوای ئازادکردنی عێراق بەئەندامی ئەنجوومەنی حوکم ھەڵبژێردرا و لەمانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کرد، لە 6/ نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە کۆی 248 دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستھێنا و بە ھەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بە بوو بە یەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عیراق . 

تاڵەبانى لەماوەى سەرۆک کۆمارى عێراقدا، بەجۆرێک سیاسەتى دەکرد، کە خزمەت بە تەواوى پێکهاتەکانى عێراق بکات، هەر کاتێک ناکۆکى سیاسى لە نێوان هەزەکانى عێراق دەهاتە ئاراوە، تاڵەبانى باوکى عێراقییەکان، بزوویى تیمارى کێشەکانى دەکردو ڕێگەى نەدەدا تەشەنە بکات.

لە ماوەى حوکمى تاڵەبانیدا پرسى ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکانى کەرکوک و ناوچەکانى تر بۆ زێدى خۆیان هەنگاوى زۆر گەورەى نابوو، بڕیارەکانى هەموو کات لە پێناو ئاسایی کردنەوەى دۆخى ئەو ناوچانەدا بوو بەشێوەیەک کاریگەرى نەکاتە سەر تێکچوونى بارى ئەمنى و کۆمەڵایەتى ئەو ناوچانە.

لەپرسى بودجەدا زۆرجار هاوڵاتیان دەڵێن، تا ئەو کاتەى تاڵەبانى تەندروستى تێکنەچووبوو، هیچ کەس و هێزێکى سیاسى عێراقى جورئەتى ئەوەى نەبوو باس لە بڕینى قوتى خەڵکى هەژارو کەمدەرامەتى هەرێمى کوردستان بکات، هەر لەگەڵ نەخۆشکەوتنى تاڵەبانى سەرەداوى بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتەکەى نورى مالیکى دەستى پێکرد، هیچ هێزێکى سیاسى و کەسایەتییەکیش نەیتوانی ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەو هەوڵەى مالیکى.

مام جەلال لەماوەى تەمەنیدا پاڵپشتێکى گەورە بوو، لەپرسەکانى ئازادى ڕادەربڕین و کارى رۆژنامەنووسی و چەسپاندنى دیموکراسییەتدا، هەموو کات هاوکارى دەزگاکانى ڕاگەیاندن بوو، تەنانەت لە ساتى دروستکردنى بزووتنەوەى گۆڕانیش پیرۆزبایی لە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رێکخەرى گشتى گۆڕان کرد و هەرگیز هەنگاوێکى نەنا بە ئاراستەى دروستبوونى گرژى.

ئەو لۆبییە بەهێزەى تاڵەبانى لە ماوەى تەمەنى سیاسییدا هەیبوو، بەبڕواى چاودێران لە مێژووى عێراقدا هیچ سەرکردەیەکى تر ئەو پاڵپشتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەى نەبووە.

لەمڕۆدا کە تاڵەبانى لە ژیاندا نەماوە، وەک دەوترێت ئێستا خوێندکارەکەى د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق شوێنى گرتۆتەوەو دەیەوێت بە هەمان نەفەسى رەوانشاد مام جەلال درێژە بە خەباتى سیاسى بدات و هەنگاوەکانى بە ئاراستەى چەسپاندنى عەدالەت و پاراستنى ئەمنیەت و دابینکردنى خۆشگوزەرانییە بۆ تەواوى پێکهاتەکانى عێراق.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP