بەپەلە

"هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ پلانى ئه‌منیان بۆ 2019 داناوه‌"
جه‌بار یاوه‌ر: پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌رهێرشێكه‌ له‌ هێڵه‌كانى به‌رگرى

- 12/16/2018 8:55:00 PM 8056 جار خوێندراوەتەوە
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت" داعش  له‌ موسڵ و ناوچه‌كانى سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك  ده‌ستى به‌ جموجوڵ و خۆڕێكخستنه‌وه‌ كردووه‌، و ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ش ئارامن  و له‌ژێر كۆنتڕۆڵى هێزه‌كانماندایه‌".

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر به‌ خه‌ندان-ى وت" هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پلانى ساڵى 2019 یان بۆ دۆخى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان داڕشتووه‌، كه‌ له‌ پلانه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منى و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان به‌ خاڵ و پلان ڕوونكراونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامن له‌ ناردنى چه‌ك و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و  به‌رده‌وامیشن له‌ مه‌شق كردن به‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌".

وتیشى" داعش له‌ ناوچه‌كانى پارێزگاى موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك ده‌ستى به‌ جموجوڵ كردووه‌، پێشمان وایه‌ داعش ته‌نها له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ كۆتایی هاتووه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌ڕه‌شه‌كان جدیین، هێزه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ هێڵه‌كانى به‌رگرى و ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ئاماده‌ى هه‌موو جۆره‌ به‌رگرییه‌كن، گه‌رچى تا ئێستا هیچ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆرستى له‌پاش دروستبوونى جموجوڵه‌كانى داعش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ ڕووینه‌داوه‌".

ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ خه‌ندان- ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو" تا ئێستاش هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاوكارى و پاڵپشتى پێشمه‌رگه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ هێڵه‌كانى دوا سنوورى پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وام هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، پێشمه‌رگه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كى نییه‌ و زۆرینه‌ى جموجوڵه‌كانى چه‌كدارانى داعش-یش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ عێراقییه‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كانیش هۆكارن".

ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، جه‌بار یاوه‌ر وتى" له‌ 35 خاڵى پڕۆژه‌كه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زۆرینه‌یان ڕه‌شنووسیان بۆ نوسراوه‌ و ده‌ستكراوه‌ به‌جێبه‌جێكردنیان، به‌ڵام به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كان بودجه‌ى پێویسته‌ و هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌سته‌ به‌كارابوونى په‌ڕله‌مانه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت كاره‌كانى به‌یاسا ڕێكبخرێن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP