سەرۆک بەرهەم ساڵح پێشوازی کرد لە راوێژکاری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن

- 12/16/2018 8:49:00 PM 1342 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح پەرۆشی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ کرانەوە لەئاست وڵاتانی جیهان لەسەر بناغەی رێزگرتنی سەروەریی و ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندی هاوبەش، هاوکات ئەو رۆڵە باش و ئەرێنییەی بەرز هەڵسەنگاند کە حکومەتی ژاپۆن بینویەتی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی و بەشدارییکردنی لە پرۆسەی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و یارمەتیدانی ئاوارەکان.

‏‎ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٨/١٢/١٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد سەرۆک بەرهەم ساڵح لە کاتی پێشوازیکردنی لە کینتارۆ سۆنو ئورا راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن، بایەخی دامەزراندنی پەیوەندی هاوبەشی لەگەڵ ژاپۆندا دووپاتکردەوە لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی کەرتی پیشەسازی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی عێراق. 

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ پەیوەندی بونیادنەری نێوان هەردوو وڵات کە نزیکەی هەشتا ساڵە بەردەوامە، ئەو پەیوەندییانەش وەرچەرخان و گۆڕانکاری باشیان بە خۆوە بینیوە کە کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە گەشە پێدانی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەشدا.

‏‎لای خۆیەوە راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی حکومەتی ژاپۆن پەرۆشی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆردا، هاوکات ھیواخواز بوو ئاسۆی هاریکاریی نێوان هەردوو لا فراوان ببێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی پەرەپێدان و مەشقپێکردنی کادێرانی عێراقی و گەشەپێدانی شارەزاییەکانیان لە بوارە جیا جیا کاندا، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن ئامادەی ژاپۆنی خستەروو بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەسەر دەستی تیرۆر زیانیان لێکەوتووە.

نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP