لەسەر هەڕەشەکانى ئەردۆغان
کۆبوونەوە لەنێوان پێشمەرگە و سوریاى دیموکرات بەڕێوەدەچێت

- 12/16/2018 7:24:00 PM 9420 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەى ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سنوری نێوان تورکیا - سوریا - عێراق ئەنجامدرا.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نێوان فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سنوری نێوان تورکیا - سوریا -عێراق ئەنجامدراوە.

ئەوەش خراوەتەروو کە کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسى هەرەشەکانى ئەمدواییەى حکومەتى تورکیا لەبارەى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازى بۆ سەر خۆرهەڵاتى فورات لە سوریا، بەڵام هێشتا ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

هەر سەبارەت بەو پرسە جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە، بە خەندان-ى راگەیاند،"ئاگادارى کۆبوونەوەیەکى لەو شێوەیە نییە، ئەوە پەیوەندى بە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە نییە.

لە چەند رۆژى رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، هەڕەشەى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازى کرد بۆ سەر رۆژهەڵاتى فورات بە هاوکارى بەشێک لە گروپە چەکدارەکانى سوریا.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP