سه‌عید مه‌موزینى: داعش سه‌ركرده‌یه‌كى خۆى له‌ موسڵ رزگارکرد

- 12/16/2018 3:49:00 PM 3836 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لەشاری موسڵ

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى لقى موسڵى پارتى رایگەیاند، شانه‌ نوستووه‌كانى داعش له‌ موسڵ ده‌ستیان به‌ جموجوڵ كردووەته‌وه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كى خۆیان له‌ به‌ندیخانەى زوومار له‌ ڕۆژئاواى موسڵ رزگارکردووە.

سه‌عید مه‌موزینى، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى لقى پارتى له‌ موسڵ به‌ خه‌ندان-ى راگەیاند، گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان خۆیان له‌ نێو موسڵ ڕێكخستووەته‌وه‌ هێزیشیان هه‌یه‌، ئێواره‌ى دوێنى شه‌ممه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى خۆیان به‌ ناوى (ئه‌مجه‌د محه‌مه‌د عوبێد ئه‌لشرابى) له‌ زیندانى زووممار و له‌ ڕۆئاواى موسڵ ئازادكردووه‌ و له‌ مانگى ڕابردووش هه‌شت هاوڵاتى سڤیلیان كوشتووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا ته‌نها داعشه‌ جموجوڵه‌ چه‌كدارییه‌كان ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام پێده‌چێت گروپى چه‌كدارى دیكه‌ش هه‌بێت، كه‌ پێمان وایه‌ له‌ عێراق پانزه‌ هه‌زار چه‌كدارییان هه‌یه‌ و ته‌نها له‌ موسڵ و ده‌وروبه‌رى سێ بۆ چوار هه‌زار چه‌كدارییان هه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ موسڵ سوپا و حه‌شدى شه‌عى و  پۆلیس  دۆسیه‌ى ئه‌منییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام حه‌شدى شه‌عبى زۆرجار بڕیارى پارێزگارى شاره‌كه‌ جێبه‌جێ ناكه‌ن، چونكه‌ هێزێكى  ڕێكخرا و نین".

مه‌موزینى راشیگەیاند، "هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ موسڵ، كۆنتڕۆڵنه‌كردنى دۆخى ئه‌منى و نه‌بوونى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و وێرانكارییه‌كانى ناوچه‌كه‌ كه‌ تا ئێستا بنیادنه‌نراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وا ده‌كات تیرۆر هه‌ڵبداته‌وه‌  و خه‌ڵكى بێكاریش بۆ ناو خۆیان ڕاده‌كێشن".

رونیشیکردەوە، پێویسته‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و خاڵه‌ سنووریه‌كان له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ماهه‌نگییان تێدا بكرێت و پۆلیسى مه‌ده‌نیش بچێته‌ سه‌نته‌رى شاره‌كه‌وە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP