سەرۆک بەرهەم ساڵح دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەکەی دەبێت

- 12/16/2018 12:19:00 PM 17607 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، لە روانگەی پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە، سەرۆک بەرهەم ساڵح دەستبەرداری ڕەگەزنامە بەریتانییەکەی دەبێت.

 لوقمان فەیلی، وتەبێژ بە ناوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سەرۆک بەرهەم ساڵح لە روانگەی پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە بە شێوەیەکی یاسایی دەستبەرداری ڕەگەزنامە (بەریتانی) ەکەی بوو".

‏‎وتەبێژ بە ناوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دووپاتیکردەوە، "ڕێوشوێنە یاساییەکانی پەیوەست بە رادەستکردنەوەی ڕەگەزنامە بریتانییەکەی تەواو بووە".

روونیشکردەوە، سەرۆک کۆمار "لە کاتێکدا سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی پێشکەش دەکات بە شانشینی بریتانیا کە ئەو رەگەزنامەیەی پێ بەخشیوە لەو رۆژگارانەی کە لە ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بووە دژی ڕژێمی لە ناوچوو، هاوکات دەستبەردار بوونی بەڕێزیان لە ڕوانگەی پابەند بونیشیانە بە بڕگەی چوارەم لە مادەی ژمارە ١٨ی دەستووری عێراق کە بە دەق هاتووە، رێگە نادرێت بەو کەسانەی کە هەڵدەبژێرێن و پۆستی سیادییان پێ دەسپێردرێت لە کۆماری عێراقدا، رەگەز نامەی تریان هەبێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP