رۆژى سێشەممە دەنگ بە تەواوکردنى کابینەکەى عەبدولمەهدى دەدرێت

- 12/15/2018 5:38:00 PM 5607 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت رۆژى سێشەممە دەنگ لەسەر کاندیدى وەزارەتە تەواونەکراوەکان دەدرێت، خەندانیش زانیویەتى کە کاندیدى وەزارتى داد گۆڕانکارى تێدا نەکراوە.

د. رێبوار کەریم ئەندامى پەرلەمانى عێراق بەخەندان-ى ڕاگەیاند: "هێشتا بەرنامەى کارى دانیشتنى رۆژى سێشەممە نەگەشتۆتە دەستمان".

لەبارەى دەنگدان بە کاندیدانى وەزارەتە بەتاڵەکانى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لە دانیشتنى ئەمجارە، ئەو ئەندامەى ئاشکراى کرد کە زانیاریی هەیە لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەدا دەنگدان ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێوەیەکى رەسمى بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە.

هەر سەبارەت بە پرسى تەواوکردنى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى، خەندان زانیویەتى کە رێککەوتنێکی سەرەتایی ئەنجام دراوە بۆ دورخستنەوەى فالح فەیاز لە کاندید بۆ پۆستى وەزارەتى ناوخۆ و دانانى کەسێکى تر لە شوێنى ئەمەش بۆ رازیکردنى هاوپەیمانى چاکیسازى و بنیاتنان، لەلایەکى تریشەوە هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینى کاندیدى وەزارەتى بەرگرى کە سەر بە هاوپەیمانى نیشتیمانییە کە ئەیاد عەلاوى سەرکردایەتى دەکات بە کەسێکى تر.

هەر بەپێى زانیارییەکانى خەندان، هێشتا هیچ گۆڕانیکارییەک لە کاندیدە کوردەکەى وەزارەتى داد (حاکم دارا نورەدین) ئەنجام نەدراوە، هەرچەندە جگە لە پارتى دیموکراتى کوردستان تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى ترى کورد تێبینیان لەسەرى هەبوو لە دانیشتنى رۆژى ٤ کانوونى دووەمى ٢٠١٨ نەچوونە دانیشتنەکەوەو رایانگەیاند کە ئەوان نارازین بەرامبەر وەرگرتنى تەواوى ئەو وەزارەتانەى پشکى کوردە لەلایەن هێزێکى سیاسییەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP