هەرئێستا

قوباد تاڵەبانى : پێویستى زۆرمان بە شارەزایانى ئایتى و تەکنەلۆجیا هەیە

- 12/15/2018 4:24:00 PM 2183 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكى حكومەتى هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كوردستان و عێراق یاساكان كۆنن و زیاتر لە حەفتا ساڵە كاریان پێدەكرێت، بەپێویستیشى زانى گۆڕانکارى لە کۆمەڵێک یاسادا بکرێت. 

لەمیانى فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی تەكنەلۆجیای زانیاری كە ئەمڕۆ لە شارى سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانى ڕایاگەیاند، تەكنەلۆجیای زانیاری ئایندەی هەرێمی كوردستانە و دەتوانێت هەلی كار بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێت و لە ئێستادا بازاڕی كوردستان ناتوانێت وەك پێویست هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕەخسێنێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا لە كەرتی تایبەت و حكوومی، پێویستییەكی زیاترمان بەخەڵكانى شارەزا لە تەكنەلۆجیا و بواری ئایتی دەبێت.

تاڵەبانى ئاشکراى کرد کە دەستیانکردووە بە دیجیتاڵكردنی وەزارەتەكان و شێوازی كاركردن لە ناو حكومەت، بۆ ئەوەى  بڕیارەکانى حكومەت زانستی بێت نەك مەزاج".

لەبارەى سیستمى بایۆمەترى ئاماژەى بەوەکرد، بایۆمەتری هەنگاوێكە بۆ دانانی ژێرخانێكی تۆكمە و لە داهاتوودا بێجگە لە مووچەخۆران، دەتوانێت هەموو هاوڵاتیان بگرێتەوە و خزمەتگوزاری و بیمەی تەندروستی لە رێگای بانكەكانەوە دابین بكات، ئەم هەنگاوەش پێویستی بە كادری زیاترە لە بواری ئایتیدا و لە كاتێك كە پرۆسەی باج بە دیجیتاڵ بكەین، دەبێت كەرتی تایبەت خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت و دوربكەوێتەوە لە سیستەمی سجیلات و سوود لە دیجیتاڵ وەربگرن، ئەو كات حكومەت و كەرتی تایبەت ئاسانتر دەتوانن بەراوردی كارەكانی خۆیان بكەن و كوردستان لە كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەتیشدا پێویستی بە سوپایەك لە كادری ئایتی هەیە.

بەبڕواى تاڵەبانى لەکاتى کێشەى سیاسیدا لە رێگەى دنیاى تەکنەلۆجیاوە کە جیهانى بەستووە بە یەکەوە کورد دەتوانێت پەیامەکانى بگەیەنێت.

لەبارەى یاساکانى بوارى ئایتى و تەکنەلۆجیا، جێگرى سەرۆکى حکومەت وتى: "پێویستە زۆرێك لە یاساكانمان نوێ بكەینەوەو بیانگونجێنین لەگەڵ ئەم سەردەمەدا،  لە كوردستان و عێراق یاساكان كۆنن و زیاتر لە حەفتا ساڵە كاریان پێدەكرێت و پێویستە یاساكانی عێراق هەمواربكرێنەوە و زۆرێك لە یاساكان بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێن، پێویستە بیانگونجێنین لەگەڵ پێداویستیەكانی ئەم سەردەمە.

بەپێویستیشى زانى هەردوو كەرتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، فێرخوازەكان فێربكەن و شارەزایی تەواویان لە بواری تەكنەلۆجیادا هەبێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP