توركیا: ئۆپەراسیۆنەکانمان لە سەر خاکی عێراق بەردەوام دەبێت

- 12/15/2018 3:58:00 PM 1651 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حامی ئاكسۆی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە سەر خاکی عێراق بەردەوامی دەبێت تاوەکو گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوونی هەبێت.

حامی ئاكسۆی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ له‌ عێراق، رایگه‌یاند: "تاكو پەکەکە له‌ سه‌ر خاكی عێراق خۆیان داڵده‌ بده‌ن ئه‌م جۆره‌ ئۆپه‌راسیۆنانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن". 

حامی به‌شێوه‌ی نووسراو وه‌ڵامی پرسیارێكی دایه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ له‌ عێراق و بانگهێشتكردنی فاتیح یڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌. 

ئاكسۆی راشیگەیاند، "به‌هۆی هێرشەکانی پەکەکەوە بۆ سەر تورکیا ئه‌و هێرشانه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیمان گیانی له‌ده‌ستداوه‌، چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له‌ عێراق و سووریا بۆ توركیا بووه‌ته‌ پرسی ئاسایشی نیشتمانی". 

ئاكسۆی رونیشیکردەوە، "چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان دووپاتكردووەته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵبستێت بۆ رێگریكردن له‌ چالاكییه‌كانی رێكخراوی  په‌كه‌كه‌".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتیشی، "مادده‌ی حه‌وته‌می ده‌ستووری عێراق، به‌رپرسیارێتیی رێگریكردن له‌ به‌كارهێنانی خاكی عێراق وه‌ك سه‌ربازگه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌". 

جەختیشیکردووەتەوە، "چاوه‌ڕوانی پشتگیری و هه‌ماهه‌نگیی عێراق ده‌كه‌ین".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا هەروەها دەڵێت، "ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی عێراق له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ئه‌وه‌ی پێویست بێت ئه‌نجامی نه‌ده‌ن، سوپاكه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مافه‌ی ماده‌ی 51ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌رگری له‌خۆكردن ده‌سته‌به‌ری كردووه‌، به‌رپه‌رچی هێرش و په‌لاماره‌كانی په‌كه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت". 

نیشانەکردن :

#تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP