نەتەوە یەکگرتووەکان: یەمەن رووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بووەتەوە

- 12/15/2018 11:59:00 AM 713 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، یەمەن رووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بووەتەوە و بە ملیۆنان هاوڵاتی تووشی بەدخۆراکی بوونەتەوە.

مارک  لۆکۆک، جێگری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا لە بارەی یەمەنەوە رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە یەمەن بەبێ هیچ پەناگەیەک ماونەتەوە و هاوکات ملیۆنان کەس تووشی بەدخۆراکی بوونەتەوە. 

هاوکات لیز گراندی، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن هۆشداریدا لە درێژەدان بە شەڕی یەمەن، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی برسیبوونی زیاتر هاوڵاتیان لەو وڵاتەدا.

ێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە، ئەگەر شەڕی یەمەن رانەگیردرێت گەورەترین برسێتی سەدەی 21  روودەدات.

ھاوپەیمانی عەرەبی کە لەلایەن رۆژئاوە پشتیوانی  دەکرێت و پێکھاتووە لە سعودیە و ئیمارات و چەند دەوڵەتێکی سوونە مەزھەبی دیکە، ساڵی 2015 شەڕیان لە دژی حوسییەکاند یەمەن ڕاگەیاند، کە ئێستا زۆربەی خاکی یەمەنیان کۆنترڵ کردووە بە سەنعای پایتەختیشەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا کودەتایان کرد بەسەر حکومەتی شەرعی یەمەندا.  

ھاوپەیمانی عەرەبی گەمارۆی خستووەتەسەر رێگاکانی وشکان و دەریایی و ئاسمانیی یەمەن و رێگا نادرێت هیچ پێداویستییەک بگاتە ئەو وڵاتە، ئەوەش بووەتە هۆی برسیکردنی زیاتری هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.

حووسیەکان کە بە بزووتنەوەی گەنجانی باوەڕداریش ناسراون، بزووتنەوەیێکی سیاسی ئایینین، ناوچەی سعدە لە یەمەن بنکەی سەرەکییانە، ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن حوسێن حووسی لە دژی حکوومەتی یەمەن دامەزراوە،  ئێستا بوونەتە گرووپێكی بەهێزی یەمەن و جگە لەوەی رووبەڕووی سوپای یەمەن دەبنەوە لەچەند لایەكی دیكەشەوە جەنگیان لەگەڵ باڵە جیاوازەكانی ئەلقاعیدە و هەروەها چەند هۆزێكی دیكەی یەمەنی دەستپێكردووە كە دژ بە حوسییەكان چالاكییان هەیە.

قەیرانی وڵاتی یەمەن لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە لەژێر كاریگەریی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەهاری عەرەبیدا بەشێك لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دژی دەسەڵاتەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵح هاتنە سەر شەقام و حكومەتی ئەو كاتی یەمەنیش سەركوتی كردن، دواتر ململانێكان ئاڵۆزتربوون و گۆڕان بۆ جەنگێكی ناوخۆیی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP