بەپەلە

پەتای هێلەگی زەرد؛ بڵاوبوونەوەی لە فەرەنسا و بنەبڕکردنی لە تورکیا

- 12/14/2018 3:39:00 PM 9987 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

دوای زیاتر لە دوو هەفتەی بەردەوام لە داواکاری خۆپیشاندەرانی فەرەنسا بۆ کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی، رێکەوتی چواری ئەم مانگە حکومەتی فەرەنسا ملکەچی داواکارییەکانیان بوو، بڕیاریدا بە لابردنی  باجی  سوتەمەنی لەو وڵاتەدا.

سەرەرای ئەو بریارەی حکومەتی فەرەنسا، بەڵام خۆپیشاندەران کە ناسراون بە هێلەگ زەردەکان(جلوبەرگی فەرمی شۆفێرانی تاکسی لە فەرەنسا) بەڵێنی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان دەکەن و "هەرەشەی چۆڵنەکردنی شەقامەکان دەکەن، هەتا بەشێوەیەکی بنەبر ئەو باجە لادەبرێت".

هێلەگ زەردەکان، وەک سمبولی خۆپیشاندانی گڕوتین و نوێ لە فەرەنساوە بەرەو وڵاتانی جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت بڵاوبوەوە، لە چەند هەفتە رابردوودا لە ژمارەیەک بازار و مۆڵی شار و شارۆچکەکانی تورکیا داشکاندنێکی بەرچاو بۆ "هێلەگی زەرد" کراوە، ئەوەش وەک پاڵپشتیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا و هاندانی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ خۆپیشاندان، رۆژنامەنوسێکی نزیک لە حکومەتی تورکیاش دەڵێت" ئەوانەی ئەو هێلەکە بکڕن تیرۆرستن".

فاتیح تێزجان، رۆژنامەنوسی دیاری تورکیا و نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتە، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی هێلەکی زەرد دەکڕن و دەڵێت "هەرکەسێک لە دوای ١٧ی نۆڤامبەرەوە هێلەکی زەردی کڕیبێت  تیرۆرستە"؛ ئەو وتانەی تێزجان دوای ئەوە هات، یەکێک لە گەورەترین مۆڵەکانی تورکیا داشکاندنێکی گەورەی بە رێژەی سەدا ٧٩ بۆ هێلەکی زەرد کرد.

لەلایەکی دیکەوە فاتیح پۆرتەکاڵ، پێشکەشکاری گەشتی هەواڵەکانی فۆکز نیوزی تورکی، کە بە پێشکەشکارێکی ئۆپۆزسیۆن و نزیک لە بزاڤی خزمەت ناوزەند دەکرێت لە گەشتی هەواڵەکانی شەوی ١١ی ئەم مانگەدا شرۆڤەی خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکانی فەرەنسای کرد و شێوازی شرۆڤەکەی نارەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

پۆرتەکاڵ وتی" هیچ خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لە تورکیا سەرناگرێت، وەرن با خۆپیشاندان لە دژی بەرزبونەوەی نرخی کاڵا بکەین لە تورکیا...چەند کەس دەرژێتە سەر شەقامەکان؟"، کەسوکاری قوربانیەکانی  کودەتاکەی١٥ی تەموزی ٢٠١٦ تورکیا، سکاڵای یاساییان لەدژی ئەو  پێشکەشکارەی فۆکز نیوزی تورکی تۆمار کرد و بە "هاندانی پشێوی و یاخیکردنی خەڵک لە دژی حکومەت" تۆمەتباری دەکەن.

 رۆژێک دوای ئەو شرۆڤەیەی پۆرتەکاڵ، سەرۆکی دوو پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە نزیک لە ئەردۆغان لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا هۆشداریاندا لە رەخساندنی خۆپیشاندان لە دژی حکومەت و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر رێکخەرانی خۆپیشاندانی لەو جۆرە دەکەن.

بەیاننامەی ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەی نزیک لە رەجە تەیب ئەردۆغان دوای ئەوە هات، ژمارەیەکی زۆر لە گروپ و چالاکوانە سەربەخۆ ئۆپۆزسیۆنەکانی شەقامی تورکیا  دوای خۆپیشاندانی هێلەگ زەردەکانی فەرەنسا خرۆشانیان تیادا دەرکەوت؛ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە)، بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاند"کەسانێک هەن لە تورکیا  ئارەزو بە رەخساندنی خۆپیشاندانی هاوشێوەی تیرۆرستە هێلەگ زەردەکانی فەرەنسا دەکەن، باش بزانن باجێکی قورس دەدەن"

" هەرکەسێک خەونی زەرد ببینێت، ئەوا دەبێت خۆی ئامادە بکات من و پارتەکەم لە بەرامبەر خۆیدا ببینێتەوە" باخچەلی وای نوسیوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوشێوەدا مستەفا دەستەجی، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی مەزنی تورکیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە ئەگەری رەخساندنی خۆپیشاندانی هاوشێوەی گەزی پارکی ٢٠١٣ و کودەتاکەی ٢٠١٦، رەخسێنەرانی رووبەڕوی دەوڵەت دەکرێنەوە"، دەستەجی وتیشی" لەناو خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا لایەنگرانی پەکەکە و فەتحوڵا گیولەن هەن"


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP