سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەمی عێراق پێشوازیان لە نادیە موراد کرد

- 12/12/2018 11:28:00 AM 40864 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و د. سەرباخ، خانمی یەکەمی عێراق لە بەغدای پایتەخت پێشوازییان لە نادیە موراد، باڵیۆزی نیاز پاکی کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و د. سەرباخ، خانمی یەکەمی عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازییان لە نادیە موراد، باڵیۆزی نیاز پاکی کردووە.

10ی ئەم مانگە، رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ لە ئۆسلۆ بەڕێوەچوو و تێیدا هەریەکە لە نادییه‌ موراد، كچە كوردی ئێزدی و دینس مۆكویگی، پزیشكی كۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی وەرگرت.

نادیە مورد لە وتارێکدا لەمیانی مەراسیمی پێدانی خەڵاتی نۆبڵدا وتی، "شەرەفێکی گەورەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێبەخشراوە، من کە منداڵبووم هیچم دەربارەی خەڵاتی نۆبڵ و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەزانیوە، تەنها خەونی تەواوکردنی خوێندن و کردنەوەی ئارایشتگایەکی جوانکاری خانمانی هەبووە".

نادیه‌ موراد له‌ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا و (له‌ ئابی ساڵی 2014)، له‌ گوندێكی نزیك شه‌نگال له‌گه‌ڵ هه‌زاران ژن و منداڵی دیكه‌ی ئێزدیدا لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ رفێنرا و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ وه‌كو كۆیله‌ ده‌ستدرێژی كرایه‌سه‌ر هه‌تا ئه‌وكاته‌ی توانی هه‌ڵبێت.

نادیه‌ له‌وكاته‌وه‌ بووەته‌ چالاكوانێكی مافه‌كانی مرۆڤ‌و نه‌هامه‌تی ئێزدییه‌كانی خسته‌به‌رده‌م سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌و له‌مانگی ئه‌یلوولی 2016 كاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو بۆ ئاشتی، له‌ 16ی ئه‌یلوولی‌ هه‌مان ساڵ ده‌ستنیشانكرا وه‌كو باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ  شكۆی ڕزگاربووانی قاچاخچێتی به‌ مرۆڤه‌وه‌.

هه‌روه‌ها نادیه‌ موراد وه‌ك یه‌كێك له‌ 100 كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ساڵی 2016 له‌لایه‌ن گۆڤاری تایم-ی ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP