سەرۆکایەتی ھەرێم بەرەو کوێ؟

- 12/11/2018 3:22:00 PM 8665 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-کۆچەر عەزیز 

دواى زیاتر له‌ 10 ساڵ له‌ گرێکوێره‌ى پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، ره‌نگه‌ ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى کوردستان، نه‌ک هه‌ر نه‌توانێت ئه‌و گرێیه‌ بکاته‌وه‌، به‌ڵکو ئاڵنگارى تر بێنێته‌ کایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى به‌سه‌ر سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى په‌رله‌مان دابه‌شکراوه‌.

له‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌پێى یاساى ژماره‌ 10ى ساڵى 2018 سڕکراو به‌پێى مادده‌ى سێى یاساکه‌، پێویسته‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ماوه‌ى دوو وه‌رزى گرێدانى ساڵى یه‌که‌میدا، له‌ژێر رۆشنایى پێوه‌ره‌ گشتییه‌ ده‌ستوورییه‌کان، بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بدات.

پارتى دیموکراتى کوردستان، له‌گه‌ڵ کاندیدکردنى مه‌سرور بارزانى بۆ پۆستى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى وه‌ک کاندید بۆ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌ستنیشانکرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌بێته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا دواى دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ سه‌رۆکى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى حکومه‌ت، جارێکى تر په‌رله‌مان چى جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌داته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکى هه‌رێم؟ ئایا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى، تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم پۆستێکى باڵا ده‌ست بێت و وه‌ک رابردوو سه‌رۆکى هه‌رێم زۆرترین ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت؟ ئایا هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌م قۆناغه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا، تاچه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ کاراکردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى ڕابردوویه‌وه‌؟.

 

 

له‌دواى ڕاپه‌رینى ١٩٩٢ نێچیرڤان بارزانى وه‌ک دووه‌مین که‌سى پارتى دیموکراتى کوردستان ده‌رکه‌وتووه‌، به‌ڵام کاندیدکردنى بۆ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى جارێکى تر په‌رله‌مانى کوردستان ده‌یداته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکى هه‌رێم ره‌نگه‌ هێواش هێواش خۆرى سیاسى ئه‌و به‌ره‌و ئاوابوون به‌رێت و ده‌سه‌ڵاته‌کانى له‌ داهاتوودا زیاتر ته‌شریفاتى بن.

پارتى ئێستا له‌رێگه‌ى راگه‌یاندن و په‌رله‌مانتاره‌کانیه‌وه‌ خواستى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ ناو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئێستا گه‌وره‌ترین فراکیسۆنى په‌رله‌مانییه‌ که‌ خاوه‌نى ٤٥ کورسییه‌، ره‌نگه‌ هۆکارى ئه‌و خواسته‌ى پارتى بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ به‌ ئاسانى بتوانێت ٥٥ کۆ یه‌کى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ست بهێنێت بۆ کاراکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام دیسان ده‌رگاى گرێیه‌کى تر به‌رووى په‌رله‌مانتارانى پارتى ده‌کاته‌وه‌، چونکه‌ به‌پێى زانیارییه‌ بڵاوکراوه‌کان زۆربه‌ى ئه‌ندامانى پارتى له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا نزیکن له‌ مه‌سرور بارزانى، به‌وه‌ش بڕیاردانیان بۆ کاراکردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم به‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌کانى پێشوویه‌وه‌ کارێکى ئه‌سته‌م ده‌بێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى پارتى به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، پارتى ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ کاتێک ترسى ئه‌وه‌ى نییه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌ ناو خه‌ڵکدا هه‌ڵببژێردرێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رازى بن با له‌ ناو خه‌ڵکدا هه‌ڵببژێردرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ تا ده‌ستورێک ده‌نوسرێت پارتى ده‌یه‌وێت له‌ ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵببژێردرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى وه‌ڵامى ئه‌و بۆچوونه‌ى دایه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت، پارتى بۆیه‌ کاندیدى سه‌رۆک ده‌باته‌ ناو هۆڵى په‌رله‌مان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرینه‌ى کورسییه‌کانى مسۆگه‌رکردووه‌، ده‌ڵێت،"پارتى پێشتریش له‌ناو خه‌ڵک و  په‌رله‌ماندا رکابه‌رى بۆ دروست نابێت، چونکه‌ له‌ په‌رله‌مانیش لایه‌نه‌کان لاریان نه‌بوو که‌ پارتى که‌سێک له‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت بۆ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، بۆیه‌ ئێستا پارتى ده‌یه‌وێت ساڵى یه‌که‌مى خولى نوێى په‌رله‌مان ئه‌و کێشه‌ یه‌کلاببێته‌وه‌".

شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌دواى ساڵى ٢٠٠٩ وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، کاتێک بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى کرد که‌ پێوسته‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌ڵبژێرن و ده‌سه‌ڵاته‌کانى که‌مبکرێته‌وه‌، له‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانیش، یه‌کێتى، گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، پێداگرى زۆریان کرد که‌ سه‌رۆک له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

رۆژى ١٩ ى ئابى ٢٠١٥ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ کونسوڵى وڵاتان پرۆژه‌ یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى هێنایه‌وه‌ ناو په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش په‌رچه‌کردارى پارتى به‌دواى خۆیدا هێناو دواترو له‌ ١٢ ى ئۆکتۆبه‌رى ٢٠١٥ پارتى دیموکراتى کوردستان ڕێگه‌ى نه‌دا جارێکى تر یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى په‌رله‌مان بچێته‌وه‌ ناو هه‌ولێر.

 

هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا مه‌سعود بارزانى که‌ ئه‌وکات سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بوو له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى به‌ تێکدانى دۆخى هه‌رێمى کوردستان تۆمه‌تبارکردو ڕایگه‌یاند:" گۆڕان ویستویانه‌ کوده‌تا ئه‌نجام بده‌ن به‌ ئاماژه‌دان به‌ ٢٣ى حوزه‌یرانى ٢٠١٥ که‌ په‌رله‌مانى کوردستان خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ چوار پڕۆژه‌ یاساى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم کرد و فراکسیۆنى پارتى کۆبوونه‌وه‌که‌ى بایکۆت کرد و جارێکى تریش له‌ ١٩ ى ئابدا به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پرۆژه‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم نه‌کرا.


له‌باره‌ى بۆچوونى یه‌کێتى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان رێواس فایه‌ق ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى به‌ خه‌ندان -ى رایگه‌یاند:" ئێستاش له‌سه‌ر هه‌مان ران که‌ له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا سه‌رۆک ده‌بێت له‌ ناو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت".

وتیشى : " ئه‌وه‌  پرۆژه‌ى پێشترى ئه‌وان بووه‌ و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى ئه‌و حزبه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى یه‌کێتى کاندیدى ده‌بێت وه‌ک چۆن له‌ رابردوودا بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى عێراق یه‌کێتى و پارتى به‌ جیا کاندیدى خۆیان هه‌بوو، فایه‌ق وتی، ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌بێت کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى بۆ بکرێت و له‌وێوه‌ بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت.

لا خۆشیه‌وه‌ بێستوون فایه‌ق ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى گۆڕان بۆ خه‌ندان- وتى بزوتنه‌وه‌که‌ى خاوه‌ن پڕۆژه‌ى خۆیه‌تى ، که‌ "یه‌ک پڕۆژه‌ى ڕوونى نه‌گۆڕى به‌رده‌وامى هه‌یه‌ ئه‌ویش سیستمى سیاسى له‌ هه‌رێمى کوردستان په‌ڕله‌مانى بێت، واته‌ سه‌رۆک له‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت و ده‌سه‌ڵاته‌کانى دیاریکراو بێت".

هه‌روه‌ها جه‌ختیکرده‌وه‌"بۆ ئه‌م خوله‌ى په‌ڕله‌مانیش هه‌مان قسه‌مان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیستمى حکومڕانى و سیاسى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه‌ ڕوئیایى وازحى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ و وه‌ پڕۆژه‌ى سیاسیشى بۆى هه‌یه‌".

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ یه‌کى ساڵى 2005 که‌ ئێستا کارکردن به‌و یاسایه‌ راوه‌ستاوه‌ ده‌بێت سه‌رۆک له‌ناو خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام پسپۆرێکى ده‌ستورى ده‌ڵێت، یاساکانى کوردستان لایه‌نه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان دەریدەکەن و که‌ى بیانه‌وێت به‌ ئاسانى ده‌ستکارى یاساکان ده‌که‌ن.

دکتۆر شۆڕش حه‌سه‌ن شاره‌زا له‌ یاساى ده‌ستورى  و مامۆستاى زانکۆ، به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، خواستى پارتى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ پارتى خۆى ٤٥ کورسى په‌رله‌مانى هه‌یه‌،"هاوپه‌یمانى دیکه‌ش هه‌یه‌ پشتیوانى له‌ داواکانى بکات بۆیه‌ ئه‌وه‌ دڵنیایى زیاترى پێده‌دات و  بێ رکابه‌ر له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌رده‌چێت، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان رکابه‌رى دیکه‌ى بۆ دروست ده‌بێت و قورس ده‌بێت که‌ به‌ ئاسانى ده‌ربچێت".

هه‌رچى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى کوردستاندا کارابکرێته‌وه‌، شێرکۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى یه‌کگرتوو پێشتر به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاندبوو "هەرێمى کوردستان لە واقعدا دوو ئیدارەو دوو بەش دوو هێزو دوو ئابوورییە، بۆیە تا ئەو کاتەى هەرێمى کوردستان دەبێتە هەرێمێکى یەکگرتوو، پێمانباشە ئەو پۆستە بە سڕکراوى بمێنێتەوە".

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2005 لە لایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە. پێش سڕکردنى ئەو پۆستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکاریی بوو. بەپێى دەسەڵاتەکانى ڕابردووى سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتی خەڵک دەکات لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا، پەیوەندیەکان وهەماهەنگی نێوان هەرێم ودەسەڵاتەکانی فیدڕالى عیراقی لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکى هەرێم بەڕێوەدەچێت، وەهەروەها، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیى ئاسایشی نیشتیمانی عیراق و لە ڕاوێژکردن و دانووستانکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پەسەندکردنی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی تایبەت که پێشنیازدەکرێت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەردەچن، دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆ یەک جار، بە مەبەستی گفتووگۆی زیاتر وهەموارکردنەوە.

 

ئه‌وه‌ى ده‌بێتە مشتومڕى نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان لەم خولەى پەرلەمانى کوردستانداو پرسیارى گەورە لاى چاودێرانى سیاسى و ناوەندە ئەکادیمى و یاساییەکان، ئەوەیە، سەرۆکایەتى هەرێم بەرەو کوێ؟

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP