لە سلێمانی داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی گەنجێک دەکرێت

- 12/11/2018 10:18:00 AM 4665 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری سلێمانی ژمارەیەک هاوڵاتیی لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەیان کرد، کە بەوتەی خۆیان زیاتر لە دوو مانگە دەستگیرکراوە.

کەسوکاری هەڵۆ محەمەد ئەمین، کە تەمەنی 16 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی 9ی بنەڕەتییە ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد چارەنووسی هەڵۆ  ئاشکرابکرێت.

باوکی هەڵۆ لە گردبوونەوەکەدا داوای کرد کە چارەنووسی کوڕەکەی بەزوویی یەکلایی بکرێتەوە، و وتی، "من پێشمەرگەم لە هێزەکانی 70 و بەشداری هەموو شەڕەکانی دژی چەکدارانی داعشم کردووە، بەڵام ئێستا نازانم چارەنووسی کوڕەکەم چییە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە".

هەروەها لە گردبوونەوەکەدا دایکی هەڵۆ داوای لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و پارێزگاری سلێمانی و ڕێکخراوەکانی تایبەتی بە منداڵان کرد هەڵوێستیان هەبێت لەسەر دەستگیرکردنی کوڕەکەیان و ئازادی بکەن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP