بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمەریکا
یەکێتی ئەوروپا: میکانیزمێکی نوێ بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران دەگرینەبەر

- 12/11/2018 10:00:00 AM 2134 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فێدێریکا مۆگێرینی، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا میکانیزمێکی تایبەتی بازرگانی لەگەڵ ئێران پێکدەھێنن، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا.

فێدێریکا مۆگێرینی، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا میکانیزمێکی تایبەتی بازرگانی لەگەڵ ئێران پێکدەھێنن کە تیادا کاریگەری سزاکانی ئەمریکا ناچالاک دەکات.

لەبارەی ئەو میکانیزمە بازرگانییەی کە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ناچالاک دەکات مۆگێرینی وتی، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئاڵوگۆڕی زانیاریان کردووە لەسەر کارەکانی پێکھێنانی میکانیزمێکی تایبەتی بازرگانی لەگەڵ ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، "رێگای کارکردن لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی ئاسایی دەکرێتەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە ئەم میکانیزمە پێش کۆتایی ئەمساڵ دابنرێت".

ئەو هەوڵەی یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێكکەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە. 

سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا بە دوو قۆناغ جێبەجێ کرا و لە 4ی مانگی 11ی ئەمساڵدا کەرتی نەوتی ئێران کردە ئامانج، واشنتۆن داوای لە کۆمپانیاکان و وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کرد کە هاوردەی نەوتی ئێران بەتەواوی رابگرن. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP