ماکرۆن "ریفۆرمی سەرتاسەریی" راگەیاند و بەڵێنیدا بە چاکسازی و زیادکردنی موچە

- 12/10/2018 11:37:00 PM 7818 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

ئەمرۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا، کاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارە بە کاتی پاریس وتارێکی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا پێشکەشکرد، بەڵێنی ریفۆرم و چاکسازیدا.

ماکرۆن لە وتارەکەیدا وتی" توڕەیی کۆمەڵگەی فەرەنسی پشتگوێ ناخەم و خۆشم بە بەرپرسیار دەزانم لە بەشێکی کێشەکاندا".

ماکرۆن بەڵێنی ریفۆرمی سەرتاسەریدا لە بەڕێوەبردنی وڵات و هاوکات بەڵێنی بەرزکردنەوەی موچەی فەرمانبەران و خاوەنکارەکانیشی دا.

نزیکەى سێ هەفتەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێک لە شارە گەورەکانى فەرەنساى گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوا دەکەن باجى سەر سووتەمەنى کەمبکرێتەوە.

هەفتەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی پاریس هەزارەها پۆلیس و کارمەندی ئاسایشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی پاریس بڵاوە پێکردوە، لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی خۆپیشاندەرانیشدا پێکدادان لە نێوان ئەوان و هێزە ئەمنیەکاندا لە شەقامی شۆنسە لیزێ(Champs-Elysees) روویدا، هێزە ئەمنیەکان بە گازی فرمێسکرێژ و ئاو رشتن وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندەریش دەستگیکران، زیاتر لە ٢٠ کەسیش برینداربوون،.

دوای زیاتر لە دوو هەفتەی بەردەوام لە داواکاری خۆپیشاندەرانی فەرەنسا بۆ کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی، رێکەوتی چواری ئەم مانگە حکومەتی فەرەنسا ملکەچی داواکارییەکانیان بوو، بڕیاریدا بە لابردنی  باجی  سوتەمەنی لەو وڵاتەدا، سەرەرای ئەو بریارەی حکومەتی فەرەنسا، بەڵام خۆپیشاندەران کە ناسراون بە هێلەک زەردەکان(جلوبەرگی فەرمی شۆفێرانی تاکسی لە فەرەنسا) بەڵێنی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان دەکەن و "هەرەشەی چۆڵنەکردنی شەقامەکان دەکەن، هەتا بەشێوەیەکی بنەبر ئەو باجە لادەبرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP