بڕى 10 ملیۆن دۆلار سزا ده‌درێت
"وه‌زاره‌تى شاره‌وانى بۆته‌ به‌ربه‌رست له‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى سیتى پاسى هه‌ولێر"

- 12/10/2018 8:40:00 PM 8880 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

خاوه‌نى كۆمپانیاى جێبه‌جێكارى پرۆژه‌ى سیتى پاسى هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت:"وه‌زیرى شاره‌وانى له‌پاش پێدانى پڕۆژه‌ى سیتى پاسى هه‌ولێر، ئێستا به‌شێوه‌ى زاره‌كى ده‌ڵێن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندى نه‌دراوه‌، ئێستا كۆمپانیاكەمان گوشارێكی زۆری لەسەرە و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بڕى 10 ملیۆن یۆرۆ سزا بدرێین".

له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌)، محه‌مه‌د زه‌ند خاوه‌نى كۆمپانیاى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى سیتى پاسى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند"كۆمپانیاكەمان هەموو رێكارەكانیان تەواو كردووە، بەڵام وەزارەتی شارەوانی و شارەوانی هەولێر بوونەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەكە نوسراومان لە 18/7/2018 بردۆتە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، پڕۆژەكەش تەنها ئەوەی ماوە زەوییەكانمان بدەنێ و دەستپێبكەین، بەڵام ئێستا وەزارەتی شارەوانی بەشێوەی زارەكی پێمدەڵێن كە وەزیری شارەوانی ڕەزامەند نەبووە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە".

 

وتیشى" كۆمپانیاكه‌مان هه‌ستاوه‌ به‌دابینكردنی 120 پاسی مۆدێل تازە، گرێبەستەكەش بە گوژمەی 33 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ كراوە، دەبێت لەماوەی ساڵێكدا پارەكەیان بۆ بنێردرێت، ئەگەرنا به‌ بڕى  10 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێین، ئەگەر وەزارەتی شارەوانی و شارەوانیی هەولێر بەردەوامبن لە دروستكردنی بەربەست بۆ پڕۆژەكە رێگەی یاسایی لە بەرامبەریان دەگرینه‌به‌ر".

خاوەنی كۆمپانیای پڕۆژه‌ى جێبه‌جێكارى سیتى پاسى هه‌ولێر ده‌شڵێت:"پڕۆژەكە هی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە نەك شارەوانی.، هیچ رێگایەكی یاساییش نییە كە ئەوان داوای نووسراو و پشتگیری لە پارێزگا بكەن، چونكە بە نووسراو هەیە كە هەموویان بە نوێنەری سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێریشەوە ڕازین بە پرۆژەكە و واژۆیان كردووە".

به‌پێى پڕۆپۆزه‌ڵى پڕۆژه‌كه‌، سیتى پاسى هه‌ولێر كۆمپانیایەكی ئیتاڵی بە یەك ملیار دینار دیزاینی بۆ كردووە و 50%ی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵغی ناو شار كەمدەكاتەوە جگه‌له‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ سوودێكی زۆری بۆ ژینگە ده‌بێت، زیاتر لە 800 هەلی كار بۆ خه‌ڵكى پارێزگاكه‌ دەڕەخسێنێ و له‌ ساڵی 2010 بڕیاری لەسەر جێبه‌جێكردنى دراوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP