مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و پارتى له‌ ئاستى باڵا كۆده‌بنه‌وه‌

- 12/10/2018 8:10:00 PM 7291 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی یەکێتی و پارتی

خه‌ندان-ئه‌حمه‌د مسته‌فا

بڕیاره‌ سبه‌ینێ له‌ شارى هه‌ولێر، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ئاستى باڵا و له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆببنه‌وه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ خه‌ندان-ى وت" شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان (سبه‌ینێ سێ شه‌ممه‌) سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن شاندێكى یه‌كێتی-یه‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت"

وتیشى" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و یه‌كێتیش پێداگرى له‌ پشك و ویستى خۆى ده‌كات بۆ چوونه‌ نێو حكومه‌تى نوێ و سه‌رجه‌م پرسه‌كان و پشكى یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ پارتى گفتوگۆیان له‌سه‌ر دەکرێت و دەمانەوێت رۆڵمان لە حکومەت هەبێت"

لەلایەکی دیکەوە، قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی ڕاگەیاند" سبەینێ لەگەڵ شاندی پارتی باس لە بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسە هەڵپەسێردراوەکان دەکەین".

هەرچەندە ئامادە نەبوو ناوی ئەندامانی شاندەکەیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی ئاشکرا بکات، بەڵام قادر حەمەجان وتی" ئەندامانی شاندی یەکێتی لە ئاستی باڵادا دەبن"

به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان تا ئێستا یه‌كێتى كاندیدى خۆى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌، پێده‌چێت له‌كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ینێ چه‌ند ناوێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش بكات.

هه‌رچه‌نده‌، ناوى قوباد تاڵه‌بانى وه‌ك كاندیدى یه‌كێتى ده‌هێنرێت، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان، پێناچێت قوباد تاڵه‌بانى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ربگرێت، ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم كاندید ده‌كرێت. 

سه‌ردانه‌كه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دووه‌م سه‌ردان ده‌دانرێت له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ لاى یه‌كێتى و پێده‌چێت پاشتر له‌سه‌ر هه‌مان پرس له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆببێته‌وه‌.





Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP