کۆسرەت رەسول: یەکێتى بە مافى خۆى دەزانێت پشکى هەبێت لە حکومەتى عێراق

- 12/10/2018 7:16:00 PM 4026 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى سکرتێرى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ڕایگەیاند، یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت لەم كابینە نوێیەدا پشكی هەبێ و بەشدارێكی كارابێت لە پڕۆسەكە.

ئەمرۆ دووشەممە لە شاری سلێمانی كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیكرد لە مارتن وار كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و نیك ئۆڵتن گەورە ڕاوێژکار لە باڵوێزخانەی شانشینی بەریتانیا لە عێراق.

لە بارەى پرۆسەى سیاسى عێراق و تەواوکردنى کابینەى حکومەتى عێراق، کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە، یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت لەم كابینە نوێیەدا پشكی هەبێت و بەشدارێكی كارابێت لە پڕۆسەكە.

جەختیشکراوەتەوە، كە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییە عيراقی و كوردستانییەكان ئاسایی بكرێتەوەو هەموو هەوڵەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان بێت.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بە وەفدی میوانی ڕاگەیاندووە، بەلای یەكێتییەوە گرنگە كابینەی ئەمجارەی حكومەت، كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت و هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی كێشەو قەیرانەكان، بەتایبەت مەسەلەی کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و بووژاندنەوەی بازاڕ و پرسی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان وڕەخساندنی دەرفەتی گونجاوی كاركردن بۆ هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.

 

لەو دیداره‌دا هەریەك لەعومەرفەتاح و حاكم قادر حەمەجان كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی و لاهور تاڵەبانی وبافڵ تاڵەبانی ئامادەیبوون.

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP