ئەمڕۆ خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشرێتە نادیە موراد

- 12/10/2018 11:32:00 AM 3254 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێوره‌سمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ شاری ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌درێته‌ نادییه‌ موراد، كچی كوردی ئێزدی و دینس مۆكویگی، پزیشكی كۆنگۆیی.

نادیە موراد، كچه‌ كوردی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نەرویژ رایگەیاند، دوای چوار ساڵ ھێشتا ئەو کەسانەی کە تاوانبارن  بە كوشتن و رفاندنی كچان و ژنانی ئێزدی دادگایی نه‌كراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانبارانی جینۆساید به‌ سزای خۆیان نه‌گه‌یه‌ندرێن دوای ماوه‌یه‌كی دیکە به‌ ناوێكی دیکەوە سه‌ر ھه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌.

نادیه‌ موراد له‌ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا و (له‌ ئابی ساڵی 2014)، له‌ گوندێكی نزیك شه‌نگال له‌گه‌ڵ هه‌زاران ژن و منداڵی دیكه‌ی ئێزدیدا لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ رفێنرا و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ وه‌كو كۆیله‌ ده‌ستدرێژی كرایه‌سه‌ر هه‌تا ئه‌وكاته‌ی توانی هه‌ڵبێت.

نادیه‌ له‌وكاته‌وه‌ بووەته‌ چالاكوانێكی مافه‌كانی مرۆڤ‌و نه‌هامه‌تی ئێزدییه‌كانی خسته‌به‌رده‌م سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌و له‌مانگی ئه‌یلوولی 2016 كاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو بۆ ئاشتی، له‌ 16ی ئه‌یلوولی‌ هه‌مان ساڵ ده‌ستنیشانكرا وه‌كو باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ  شكۆی ڕزگاربووانی قاچاخچێتی به‌ مرۆڤه‌وه‌.

هه‌روه‌ها نادیه‌ موراد وه‌ك یه‌كێك له‌ 100 كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ساڵی 2016 له‌لایه‌ن گۆڤاری تایم-ی ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرا.

نادیه‌ موراد كاری‌ بۆ نوسینی یاداشته‌كانی‌ كردووه‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ " كۆتا كچ، چیرۆكی من له‌ دیلگرتن و شه‌ڕی من له‌ دژی رێكخراوی داعش".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP