"چوار ساڵی داھاتوو چاکسازیی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین"
فرسەت سۆفی: پارتی هەوڵی دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز دەدات

- 12/10/2018 10:18:00 AM 3480 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان  رایگەیاند، حزبەکەی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی "حکومەتێکی نوێ و  بەھێز دەدات" دەشڵێت، چوار ساڵی داھاتوو چاکسازییەکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.

فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان  بە میدیای حزبەکەی رایگەیاند، "یەکێک لە پرسە گرینگەکان لای پارتی چاکسازییە، کە لە کارنامەکەی خۆی و لە حکومەتی داھاتووشدا کاری لەسەر دەکات، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستەی نەزاھە و داوکاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ھەموو ھەوڵ و کۆششێکمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی ئەنجامدانی چاکسازییەک کە عەدالەتی بۆ ھەموو لایەک تێدا بێت، بە تایبەت ڕێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت".

فرسەت سۆفی راشیگەیاند، "پارتی لە ھەوڵدایە چاکسازییەکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان بکات و ئەنجامی دەدەین، ئە،ەش یەکێک بووە لە کارنامەکانی پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندە، وەک چۆنیش لە ڕابردوو ھەوڵمان بۆی داوە، ئێستاش بەردەوام دەبین".

فرسەت سۆفی کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتییە سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وتی، "ئەو لایەنانەی کە ئیرادە و مەیلی بەشداریکردنیان لە حکومەت ھەیە، ئێمە بە یەک چاو سەیریان دەکەین، چونکە پارتی دەرگای کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکومەت، ھەوڵ دەدەین حکومەتی نوێ بەھێز بێت تاوەکو بتوانین لە چوار ساڵی داھاتوودا بە یەکەوە بەردەوام بین."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP