له‌گه‌ڵ شاندێكى دوزخورماتو كۆبویه‌وه‌
سەرۆک بەرهەم ساڵح: ئاشتی کۆمەڵایەتی و خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌

- 12/9/2018 7:35:00 PM 2813 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح و شاندی دوز خورماتوو

خەندان-

‏‎سەرۆک کۆمارى عێراق  د. بەرهەم ساڵح  جەخت لە بایەخ و گرنگی بەدیهاتنی ئۆقرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی  بۆ ئامادەکاری بەرەو قۆناغی دوای رزگارکردنی ناوچە جیاجیاکانی خاکی عێراق لە بن دەستی چەکدارانى داعش دەکاتەوە و جێبەجێکردنی  خزمەتگوزارییەکان بە پێویست ده‌زانێت. 

‏‎نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، (ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٨/١٢/٩)  لە میانەی پێشوازیکردنى لە شاندێکی دوزخورماتو لە کۆشکی سەلام لە بەغداد کە پێکهاتبوو لە قائیمقام و سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیەتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئیدارەی خۆجێیەتی قەزاکە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە قەزای دوزخورماتو گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەرەوەها ئەو رێوشوێنانەش باسکران کە پێویستن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە شارەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت .

‏‎سەرۆک بەرهەم ساڵح، قوربانیدانی رۆڵەکانی  دوزخورماتوی بەرز نرخاند لە بەگژاچونەوەی تاقمی تیرۆریستی چه‌كدارى داعش، هاوکات داوای لە هەموو لایەک کرد، رێگه‌ نەدەن تیرۆرستان فرسەت بقۆزنەوە و پیلانی یەکڕیزی نیشتمانی هەڵبوەشێننەوە.

‏‎سەرۆک کۆمار، لەوتەکانیدا روونیکردەوە کە پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی دانیشتوانی قەزاکە بکرێت و زیان لێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە کە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پەلاماردانەکانی چه‌كدارانى داعش لێیان کەوتووە. 

‏‎هەروەها ئەندامانی شاندەکە بارودۆخی دوزخورماتویان بە شێوەیەکی گشتی باسکرد و ئەو کێشانەشیان خستەرو کە دێتە رێگەیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، هەروه‌ها دووپاتیان کردەوە کە پشیوانیکردنی سەرۆک کۆمار لە چارەسەرکردنی کێشە و داواکاریەکانیان بایەخ و گرنگی زۆرە بۆ ئەو هەوڵانەی لە ئارادان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی لە قەزاکەدا.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP