دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێدەکات

- 12/9/2018 9:31:00 AM 19005 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە پارەی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەشبکرێت، و بەڕێوەبەری پەیوەندییەجەماوەرییەکانی کۆمسیۆنی عێراقیش دەڵێت، "ئەمڕۆ لە هەولێر پارەکە دابەشدەکرێت".  

شاڵاو دۆسکی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن لە پارێزگای هەولێر دابەشدەکرێت، بەڵام لە دهۆک و سلێمانی هەندێک رێکاری یاسایی ماوە.

هاوکات سەرچاوەیەکیش لە نووسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن لە سلێمانی دابەشدەکرێت، هۆکاری دواکەوتنەکەشی پەیوەندی بە چەکی پارەکەوە هەیە کە لە بەغداوە دێت دەچێتە بانکی ناوەندی لە پارێزگای هەولێر، و لەوێوە دابەشدەکرێت بەسەر پارێزگاکاندا.

12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش زیاتر لە 200 هەزار کارمەندی بۆ ئەو رۆژە بە شێوەی گرێبەست دامەزراند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP