"پارتی بەڵێنی هیچ پۆستێکی پێنەداوین"
شۆڕش حاجی: نه‌رمیمان به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌ دوژمنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ كه‌س نیه‌

- 12/7/2018 11:22:00 AM 3218 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

 ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پارتی بەڵێنی هیچ پۆستێکی پێنەداون، چونکە هیچ دانیشتنێکی فەرمییان لەگەڵ پارتی نەبووە کەباسی شێوازی پێکهێنانی حکومەت بکەن و دەشڵێت، " نه‌رمیمان به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌ و دوژمنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ كه‌س نیه‌".

شۆرش حاجی، بە دەنگی ئەمەریکای رایگەیاندووە،" تا ئێستا بڕیارمان نه‌داوه‌، بە بەشداریکردن یاخود بەشدارینەکردن لەحکومەت هەردوکیان 100% باش نین تا بە ئاسانی یەکێکیان هەڵبژێرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری بەشداری کردنمان " جاری پێشوو بەرنامەی حکومەت یەک لاپەڕە بوو بەڵام ئەمجارە ئێمە دەمانەوێت بەرنامەی بەڕوونی بێت لەگەڵ "سەقفێکی زەمەنی" بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان".

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رەتیدەکاتەوە، گۆڕان داوای جێگری سەرۆکی حکومەتی کردبێت یا خۆی یەکێک بێت لەکاندیده‌كان بۆ پۆستەباڵاکان ئەگەر بەشداری حکومەت بکەن، هەروەها دەشڵێت" ئەگەر بەشداری حکومەت بکەین خۆ "بزنس"یان لەگەڵ ناکەین ئێمە دەچین بەرنامەی سیاسی خۆمان جێبەجێبکەین، ئەگەر بەقورسایی بەرنامەی سیاسی و پاکێجەکانمان کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە جێبەجێنه‌کرێت ئەوا ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێرین و ده‌كشێینه‌وه‌".

"ئێمە ئێستاش ئەگەر بەشداربین لەکابینەی نوێی حکومەت لەسەر قسەکانی خۆمان سورین کە لەهەڵبژاردنی 12/5 و30/9 ساختەکاری کراوە، ئێـمە وەک 12 کورسی وە ئەوان 45 کورسی و 21 کورسی مامەڵە ناکەین، چونکە ئێمە هێزی خۆمان دەزانین وە ئەوانیش هێزی خۆیان دەزانن، هەردولاشمان چاک دەزانین کە ژمارەی کورسیەکانمان گوزارشت لە رای راسته‌قینەی خەڵک ناکات" شۆڕش حاجی وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە،" تا ئەم دەقەیەی قسەی تێدا دەکەم بڕیارمان نەداوە بچینە ناو حکومەت یاخود نەچین، وە ئەگەر بڕیاریشمان دا بچینە حکومەت نازانین چ پۆستێکمان بەردەکەوێت، بۆیە هەموو ئەو قسانەی کەدەکرێت کە فڵانە کەس کاندیدە یا فڵانە پۆست وەردەگرێت ئەمە پێشبینی میدیاکارەکانە یاخود بەمەبەستی " شەخسی" دەکرێت، وە بڕیاریشمان نەداوە چۆن کاندیدەکان دیاریدەکەین، هەتا پارتیش بەڵێنی هیچ پۆستێکی پێنەداوین چونکە هیچ دانیشتنێکی فەرمیمان لەگەڵ پارتی نەبووە کەباسی شێوازی پێکهێنانی حکومەت بکەین".

هەروەها وتیشی" ئێمـە نەرمیمان بەرامبەر هەموو حیزبەکانی کوردستان هەیە، چونکە خۆمان بە دوژمنی هیچ کام لەو حیزبانەی کوردستان نازانین، وە ئێمە بزوتنەوەیەکی جەماوەرین خاوەن بەرنامەی خۆمانین بڕوامان بەگۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە، دوژمنی هیچ حیزبێک نین تا ئەمڕۆ بەتوندی قسە بکەین سبەی "موغازەلەی" بکەین، بەڵام وەک وتم لە سۆشیاڵ میدیاد یاخود ڕاگەیاندنەکاندا هەڵسوڕاوێک یا ئەندامێکی جڤات قسە بکات ئەوە ڕای شەخسی خۆیەتی نەک هی بزوتنەوەی گۆڕان".





Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP