بەرگری شارستانی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە لافاو بڵاوکردەوە

- 12/7/2018 9:17:00 AM 7134 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرگری شارستانی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە کاتی روودانی لافاودا بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئامادەکاری تەواوبکەن بۆ هەر ئەگەرێکی باران بارین و رووداوی لافاو.

لە راگەیەنداوێکدا کە بەرگری شارستانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، خۆپاراستن لەم کارەساتە پێویستی بە هەندێک ئامادەسازی هەیە هەندێکی دەکەوێتە سەر شانی هاوڵاتیان و هەندێکیشی ئەرکی حوکمەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانە.

ئەمانەش چەند رێنماییەکن بۆ خۆپاراستن لە لافاو.

١- پێوستە هەموو ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی موڕەجەعی بۆ دابنێت لە دەرەوەی ماڵی خۆی، تا لە کاتی پڕبـوونی مەنهۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە ناو خانووەکەی.

٢- ئەو ماڵانەی گەراجی دفن یا نهۆمێکی خانووەکەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە پێویستە حەوزێکی مەتر موکەعەب دروست بکات و موزەخەی تایبەتی ئاو سەحبکردن دابنێت لە ناویدا بە حەرەسی زیرەکەوە، هەرکات ئاو هاتە ژوورەوە ئۆتۆماتیکی خۆی بکەوێتە کار نەهێڵێت ئاو گـــلبێتەوە.

٣- پاکردنەوەی مەنهۆڵی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد و قوڕ و پیسی، هەروەها لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە تاکو ئاو بە ڕێژەیەکی زیاتر بڕوات.

٤- پاککردنەوەی سەربان و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و کارتۆن تا لە کاتی باران بارین دا نەچنە بەردەم مەنهۆڵ و گونجەکان.

٥- ئەو ماڵانەی لە گەڕەکی لاوەکیدان ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری، پێویستە رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆجێگەیەکی گونجاوتر لە ڕێگەی فـــەردە لــــم، یان تاسە دانان بە کۆنکرێت ئاستی بەرزی و نزمی تاسەکە لە ژێر چاودێری یاساکانی هاتووچۆدا.

٦- کوژانەوەی سەرچاوەی کارەبا لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبۆتەوە و ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لە ناویدایە و خەریکی دەرهێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین رووداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی سویچ پلاک و کارەبا بچێتە سەر ئاوەکە.

٧- ئەو ماڵانەی ساڵانە دووچاری هاتنە ژوورەوەی لافاو دەبن و هیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم رێنماییانە نەکردووە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبای و بەنرخ ئاڵتون و پارە لە جێگەی نزمدا دانەنێن، تاکو ئەگەر رووداوەکەش روویدا زەرەروو زیان کەمتر بێت.

٨- سەلامەتی خۆت و ماڵ و منداڵ و ئەندامانی خێزانت لە پێش هەموو شتێکەوەیە گەر هیچت پێ نەکرا باشترین شت ئەوەیە بێیتە دەرەوە بچیتە جێگەیەکی سەلامەت.

٩- ئەو ماڵانەی سەربــانیان  گـــــڵ و دارە پێویستە بە زووترین کات بێنە دەرەوە و نەمێنەوە لە ژێریــا، چونکە مەترسی تەپیــــن و ڕووخانی هەیە.

١٠- پێویستە لەسەر حکومەت ساڵانە مەنهۆڵی گەڕەکەکان لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە پاک بکرێتەوە، چونکە زۆربەی مەنهۆڵەکانی شار لـم و قـوڕ و لیتە پــڕی کردووەتەوە و گیراوە و زۆربەیان سەرە مەنهۆڵەکەش دیارنەماوە و بووە بە جادە.

١١- پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام پەیوەندیان لەگەڵ کەشناسی داهەبێت و پێشوەخت هاوڵاتیان ئاگاداربکەنەوە لە ئەگەری روودانی لافاو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP