له‌مزگه‌وتێكى هه‌ولێر منداڵ فێرى كفنكردن ده‌كرێت
وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف هۆشدارى به‌ مامۆستایه‌كى ئاینی ده‌دات

- 12/6/2018 9:22:00 PM 30153 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌سه‌ر بڵاووبونه‌وه‌ى وێنه‌یه‌ك هۆشدارى به‌ مامۆستایه‌كى ئاینی ده‌دات و پسپۆڕێكى مافه‌كانى منداڵیش ده‌ڵێت"به‌پێى مافه‌كانى منداڵ پێویسته‌ سزاى یاسايى ئه‌وكه‌سانه‌ بدرێت و نابێت منداڵ له‌ ته‌مه‌نێكى بچووكدا به‌كاربهێنرێت" 

وێنه‌یه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت، زیاتر له‌ 30 كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان منداڵن له‌ مزگه‌وتێدا، دانیشتوون سه‌یرى دیمه‌نى ڕاهێنانى (كفن)كردنى ته‌رمى مردوو ده‌كه‌ن كاتێك ده‌برێت بۆ به‌خاكسپاردن.

له‌باره‌ى بڵاووبونه‌وه‌ى وێنه‌كه‌وه‌، نه‌به‌ز ئیسماعیل وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ خه‌ندان-ى وت" به‌دواداچوونمان بۆ بڵاووبونه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ وێنه‌كه‌ هى ساڵى 2014 یه‌و له‌ ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا كفنكردنى كه‌سى مردوو به‌ به‌رچاوى منداڵانه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌ و كارى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافه‌".

ده‌باره‌ى كارى ئه‌و دوو گه‌نجه‌ كه‌ (كفن) كردنى كه‌سى مردوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ مزگه‌وته‌كه‌دا بوون ڕونده‌كه‌نه‌وه‌، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ده‌ڵێت" ده‌ركه‌وتووه‌ له‌وكاته‌دا خه‌ڵێكێكى زۆر شه‌هید بوون له‌ ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا ڕوویداوه‌، وه‌ كه‌س نه‌بووه‌ كفن و دفنى شه‌هید بكات، ئه‌و دوو گه‌نجه‌ش فێرى منداڵه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌یان كردووه‌ چۆن مردوو ده‌شۆردرێت و كفن ده‌كرێت". 

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو"وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌گه‌ڵ مامۆستاى مزگه‌وته‌ قسه‌یانكردووه‌ و هۆشداریمان پێداوه‌ كه‌ نابێت كارێكى له‌و شێوه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌دا منداڵ به‌كارهێنراوه‌ كارێكى زۆر هه‌ڵه‌یه‌، وه‌ك وه‌زاره‌تى ئه‌وقافیش هۆشداریمان داوه‌ كه‌ نابێت منداڵ به‌كاربهێنرێت و قبوڵكراو نییه‌، له‌هه‌ر شوێنێكیش كارێكى له‌و جۆره‌ بكرێت فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف بێت یان نا سزاى یاسایى ده‌ده‌ین".

به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان، ئه‌و مزگه‌وته‌ى كه‌ ئه‌وكاره‌ى تێدا ئه‌نجامدراوه‌ له‌ ناحیه‌ى كه‌سنه‌زاى شارى هه‌ولێره‌، ده‌ریشكه‌وتووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ شێوازى كفنكردن و به‌ڕێكردنى ته‌رمى مردوو بۆ ئه‌و منداڵ و كه‌سانه‌ى له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌دا بوون ڕوونده‌كه‌نه‌وه‌ دانیشتووى ناحیه‌كه‌ بوون.

ده‌باره‌ى كاریگه‌رییه‌ ده‌رونییه‌كان و مافه‌كانیان، سواره‌ فایه‌ق پسپۆڕ له‌ مافه‌كانى منداڵ به‌ خه‌ندان-ى وت" منداڵ له‌ كورترین پێناسه‌دا  ئەو مرۆڤه‌یه‌ کە تەمەنى لە خوار هەژدە ساڵه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ى له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌بینرێت كه‌متر له‌ ته‌مه‌نى ئاسایین تا فێرى كفن كردن بكرێن و  به‌ پێى جاڕنامه‌ى مافى مرۆڤ، منداڵ پێگه‌یه‌كى گه‌وره‌ی هه‌یه‌، كاتێك كۆمه‌ڵێك یاسا ده‌ركراوه‌  له‌ پێناو  منداڵاندایه‌ و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كاربهێنرێن به‌مه‌به‌ست".

وتیشى" پێویسته‌ منداڵ ده‌سته‌مۆ نه‌كرێت، چونكه‌ دۆخێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ و ئه‌و دیمه‌نانه‌ى له‌لایه‌ن كه‌سانى سه‌روو خۆى و به‌ناشاره‌زایى نیشانیان ده‌درێت و ده‌كه‌وێته‌ دواى بیروبۆچوون كه‌سانى دیكه‌، لێكه‌وته‌ى خراپى ده‌بێت هه‌تا لێكه‌وته‌كان ده‌روونى و خێزانى ده‌بن". 

ئه‌و پسپۆڕه‌ى مافه‌كانى منداڵ ده‌شڵێت" له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ به‌خواستى خۆشیان به‌شدارییان له‌و كاره‌دا كردبێت، نه‌گونجاوه‌ چونكه‌ ته‌مه‌نیان له‌و ئاسته‌دا نییه‌ و هیچ كام له‌ 40 مافه‌كه‌ى منداڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ یه‌كناگرنه‌وه‌ و پێویسته‌ سزاى یاسایی ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ به‌كارهێنانیان".  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP